عەباس عراقچی: ئێستا کاتی بڕیاردانە

بەرلەوەی بەرەو ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێ بکەوێت بۆ ئامادەبوون لە گەڕی پێنجەمی دانووستانەکانی پرۆژەی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمەریکا، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: ئێستا کاتی بڕیاردانە.

هەینی 23ـی ئایاری 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەرلەوەی بەرەو ڕۆما بەڕێ بکەوێت بۆ دانووستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا بۆ جاری پێنجەم، لە پێگەی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا نووسیوویەتی: ئەمڕۆ گەڕی پێنجەمی دانووستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەمەریکا لە ڕۆما بەڕێوەدەچێت و گەیشتن بە ڕێککەوتن کارێکی ئەستەم و زەحمەت نییە، دەستنەخستنی چەکی ئەتۆمی، بە واتای ڕێککەوتن دێت، بەڵام وەستاندنی پیتاندن بە واتای ڕێکنەکەوتن دێت.

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران نووسیووتی: ئێستا کاتی بڕیاردانە.

ئەمڕۆ گەڕی پێنجەمی دانووستانە ناڕاستەوخۆکانی نیوان ئەمەریکا و ئێران لەبارەی پرۆژەی ئەتۆمی لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت، دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی ڕاگەیاندبوو، دانووستانەکان لەگەڵ ئێران ڕێرەوی ڕاستی خۆی وەرگرتووە.