ڕۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی: دۆناڵد ترەمپ بەبێ ئێمە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت
ئالون بن داڤید، لە ڕۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی لە وتارێکدا بڵاوی کردووەتەوە، ترەمپ دووبارە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژێتەوە، بەڵام ئەوە بەبێ ئێمە دەکات.
ئالون بن داڤید لە وتارەکەیدا دەڵێت: لە سەردانەکەی بۆ ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی کەنداو، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا هاوپەیمانی لە ئێمە بە نرختری هەیە، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ئیسرائیل خۆی بە تەنها و بە فشار خستنە سەر ناتانیاهۆش، دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەو نووسەرە ئیسرائیلییە لە وتارەکەی خۆیدا لە ڕۆژنامەی مەعاریف دەڵێت: بۆ چەندین ساڵ لەوەتەی گەنجیم، ئیسرائیلییەکان بیریان لەوە دەکردەوە کە ئیسرائیل بکەنە پەنجا و یەکەمین ویلایەتی ئەمریکا، لەم هەفتەیە بۆ ساتێک وا دەرکەوت ئێمە هەنگاوێکمان بەو ئاراستەیەدا ناوە، کاتێک بینیمان سەرۆکی ئەمریکا هەوڵیدا و یەکێک لە بارمتەکانی ئێمەی لەدەستی حەماس ئازاد کرد، بەڵام لەبری ئەوەی بەرەو ئەمریکا بڕۆین، لە ڕێڕەوەکە لامان دا و وەک مەکسیکمان لێهات، کە یەکێکە لەو وڵاتانەی دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت لێی ڕزگاری بێت.
بن داڤید ئاماژەی بەوە کردووە، پەیوەندییەکانی نێوان سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆکەکانی ئەمەریکا بە درێژایی ساڵانێک بەرز و نزمی بەخۆیەوە بینیووە، بەڵام لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا سەختە بۆ ئێمە کە ئاماژە بە سەردەمێک بکەین، ئەمریکا هەنگاوی گەورەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناوە بەبێ ئەوەی ئێمە ئاگادار بکاتەوە، ئێستا دۆناڵد ترەمپ نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژێتەوە، بەبێ ئێمە.