ئۆکرانیا: 14 کەس لە ئەنجامی هێرشی مووشەکی و درۆنی ڕووسیا بۆ سەر کیێڤ بریندار بوون

دوو دیمەنی جیاوازی زیانەکانی هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر کیێڤ (وێنە: وەزارەتی بەرگریی ئۆکرانیا)
دوو دیمەنی جیاوازی زیانەکانی هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر کیێڤ (وێنە: وەزارەتی بەرگریی ئۆکرانیا)

بە گوێرەی هێزە ئاسمانییەکانی ئۆکرانیا، ڕووسیا بە دەیان مووشەک و سەدان درۆن کیێڤی بۆمباران کردووە و لە ئەنجامیدا، لانیکەم 14 کەس بریندار بوون. 

بەڕێوەبەرایەتیی سەربازیی کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام ڕایگەیاند "بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 24-05-2025، ڕووسیا یەکێک لە گەورەترین و توندترین هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەکیی بالیستیکی کردە سەر کییێڤ و لە ئەنجامیدا لانیکەم 14 کەس بریندار بوون."

بە گوێرەی زانیاریی هێزە ئاسمانییەکانی ئۆکرانیا، لە هێرشەکەدا، سوپای ڕووسیا، زیاتر لە 14 مووشەکی بالیستیکی و 250 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن)ـی دوورمەودا بۆ سەر کیێڤ بەکارهێناوە. 

لە لایەکی دیکەوە سوپای ڕووسیا ڕایگەیاندووە، لە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووەوە، 20-05-2025، سوپای ئۆکرانیا بە زیاتر لە 788 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی و توانیویانە زیاتر لە 776 فڕۆکە تێک بشکێنن. 

ئەم هێرشانە لە کاتێکدان، گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرپرسانی ڕووسیا و ئۆکرانیا بە نێوەندگیریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست و کۆتاییهێنانی یەکجارەکی جەنگ بەردەوامن. 

دوێنێ هەینی، 23-05-2025، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکان، 270 سەربازی ڕووسی و 120 هاووڵاتی سڤیل کە خەڵکی هەرێمی کورسک بوون و لەلایەن سوپای ئۆکرانیاوە دەستبەسەر کرابوون، گەڕێندرانەوە. لە بەرامبەردا 270 زیندانیی جەنگیی ئۆکراینی و 120 سڤیل رادەستی ئۆکرانیا کرانەوە.

ئەم ئاڵوگۆڕکردنە دوای ئەوە هات، مۆسکۆ و کیێڤ لە گفتوگۆکانی ئیستانبووڵ لە سەرەتای ئەم مانگە رێککەوتن لەسەر ئەوەی هەریەکەیان هەزار دیلی یەکدی ئازاد بکەن. سێگری لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەیان دانوستان لەگەڵ ئۆکرانیا ڕەت ناکاتەوە، سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕەشنووسێکن بۆ ئاشتی درێژخایەن.