نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ سووریا، لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆ بووەوە

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی کۆماری سووریا و تۆم بارەک، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ سووریا
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی کۆماری سووریا و تۆم بارەک، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ سووریا

نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ سووریا، لەگەڵ سەرۆکی نوێی کۆماری سووریا لە تورکیا کۆ بووەوە، هەردوولا تاوتوێی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکایان کرد بۆ هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکانی سەر سووریا.

شەممە 24ـی ئایاری 2025، تۆم باراك، باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ سووریا، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد "لە ئیستانبوڵ لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی کۆماری سووریا و ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە کۆ بوومەوە، تاوتوێی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ترەمپمان کرد بۆ هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکانی سەر سووریا و دووبارە گەڕانەوەی خۆشگوزەرانی و ئاشتی بۆ وڵاتەکە."

باسی لەوە کرد، هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا ئامانجی ئێمەیە بۆ تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش لە وڵاتەکەدا. هەروەها ستایشی شەرعی کرد بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كانی سووریا بڵاویان كرده‌وه‌، تۆم باراك، نێرده‌ی تایبه‌تی دۆناڵد تره‌مپ بۆ سووریا، له‌م هه‌فته‌یه‌دا سه‌ردانی دیمه‌شق ده‌كات و له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی نوێی كۆماری سووریا و ئه‌سعه‌د شه‌یبانی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ كۆ ده‌بێته‌وه‌.

ئه‌م سه‌ردانه‌ی تۆم باراك، ده‌بێته‌ یه‌كه‌مین سه‌ردانی ناوبراو بۆ سووریا له‌ دوای هه‌ڵگرتنی سزاكانی سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ به‌ بڕیارێكی دۆناڵد تره‌مپ كه‌ له‌ سعوودیه‌دا ڕایگه‌یاندبوو.

هه‌ینی، 23ـی ئایاری 2025، تۆم باراك له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی (ئێكس) ڕایگه‌یاند، هه‌ڵگرتنی سزا ئابوورییه‌كانی سه‌ر سووریا له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكاوه‌، ده‌بێته‌ هۆی تێكشكاندنی ڕێكخراوی داعش به‌تایبه‌تی له‌و وڵاته‌.

سێشەممە، 13ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، لەسەر داوای محەممەد بن سەلمان، جێنشنینی سعوودییە، بڕیاری داوە هەموو سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment