کۆریای باکوور: ئەمەریکا بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی دەبێت واز لە سیاسەتی بێزارکردن بێنێت
کۆریای باکوور داوای لە ئەمەریکا کرد ئەگەر بەڕاستی بیەوێت ئاسایشی خاکی خۆی بپارێزێت، دەبێت دەستبەرداری سیاسەتە سەربازییە بێزارکەرەکانی بێت.
ئاژانسی یونهاپ بڵاوی کردەوە، یەکشەممە، 25ـی ئایاری 2025، سەرۆکی نووسیگەی سیاسەتی وەزارەتی بەرگریی کۆریای باکوور لە ڕاگەیەنەدراوێکدا ئاشکرای کردووە، دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئەمەریکا پەیوەستە بە "وەستاندنی هەڕەشە سەربازییەکان و هەوڵە دوژمنکارییەکانی بەرانبەر وڵاتانی دیکە."
ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای ئەمەریکا بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی بیرۆکەکەی کە کۆریای باکوور هەڕەشەیە بۆ سەر خاکی ئەمەریکا، کە لە هەمان کاتدا جبەخانەی سەربازیی وڵاتەکەی بە شێوەیەکی چاوەڕوانەکراو بەهێز دەکات.
هەر لە ڕاگەیەدراوەکەدا، ڕەخنە لە لێدوانەکانی بەرپرسانی سەربازی ئەمەریکا گیراوە کە کۆریای باکوور بە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تۆمەتبار دەکەن و بە مەترسیی دەزانن و ئاماژە بە ئەگەری شەڕ دەکەن.
ڕوونیشی کردەوە، "هەڕەشە سەربازییەکانی ئەمەریکا و سیاسەتی بیزارکردن و نیشاندانی هێز، مەترسیی دەرەکی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی دروست دەکات و دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان."
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پیۆنگ یانگ بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ بەرزکردنەوەی توانا بەرگرییەکانی، بەتایبەتی لە بەرانبەر ئەو هەڕەشانەی کە ئەمەریکا سەبارەت بە توانای ئەتۆمیی کۆریای باکوور، دەیانکات.