ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق: كۆمپانیای نەوتی 'وەسەت' بووەتە كۆمپانیایەكی گەندەڵ

كۆمپانیای نەوتی 'واست'
كۆمپانیای نەوتی 'واست'

بەگوێرەی زانیاریی پەرلەمانتارانی عێراق، كۆمپانیای نەوتی 'وەسەت' بووەتە كۆمپانیایەكی گەندەڵ و چەندین دۆسییه‌یان لەسەر بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە لە داواكاریی گشتیی جووڵاندووە.

كۆمپانیای نەوتی ناوەڕاست یان (وەسەت) یەكێكە لە كۆمپانیا پیشەسازییەكانی نەوتی عێراق و سەر بە وەزارەتی نەوتە. لە هەر هەشت پارێزگای بەغدا، ئەنبار، دیالە، بابل، واست، دیوانیە، كەربەلا و نەجەف، كاری پەرەپێدان و دۆزینەوەی نەوت و گاز دەكات.

بە گوێرەی میدیا عێراقییەكان، کۆمپانیاکە ئەركە گرنگەكەی لە دەست داوە و بووەتە كۆمپانیایەكی گەندەڵیی گەورە. لەو بارەوە عەلا حەیدەری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە "كەسێك بە ناوی (ئەبو دەلال) كاریگەری لەسەر بڕیارەكانی كۆمپانیاكە هەیە و لە بەڕێوەبەرەکەی نزیكە."

هەروەها بە گوتەی یاسر حوسێنی، پەرلەمانتاری عێراق، پێویستە هەموو گرێبەستەكانی کۆمپانیاکە ببردرێنە نووسینگەی بەڕێوەبەری گشتی لە ناوچەی "قادسییە" و لەسەر بەرتیل و ڕێژەی 20%ـی كرێكەی ڕێككەون، ئەگەرنا ئیمزا ناكرێت.

بەڕێوەبەرەکە یەكێك لە گرێبەستەكانی لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئۆكرانیایی لەبارەی كێڵگەی غازی "عوكاز" لە ئەنبار كرد، بەڵام بە گوتەی پەرلەمانتار عەلی لامی: كۆمپانیاكە كاری لە بواری وزە نەكردووە، گرێبەستەكە بە گەندەڵی كراوە.

تا ئێستا پەرلەمانتارانی عێراق زیاتر لە 10 دۆسییەیان لەبارەی گەندەڵی، لەسەر بەڕێوەبەری كۆمپانیای ناوەڕاست لە داواكاریی گشتیی جووڵاندووە. لەگەڵیدا پەرلەمانتار زەینەب مەوسەویی دەڵێت: كۆمەڵێك لایەنی سیاسیی ملیۆنان دۆلاریان لەو ڕێگەیەوە دەست كەوتووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment