حوسێن سەلامی: ئێران لە شەڕێکی بەرفراواندایە
حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی سەرقاڵی جەنگێکی بەرفراوانە لە بەرەکانی سیاسی و ئابووری و سەربازیدا، بەڵام لە ناوخۆدا هەر ئارام و سەقامگیرە.
یەکشەممە، 25ـی ئایاری 2025، حوسێن سەلامی لە ڕێوەڕسمی ڕێزلێنان لە سەربازەکانی سەردەمی جەنگی ئێران و عێراق گوتی: هەرچەندە ئێران ڕووبەڕووی هاوپەیمانییەکی بەهێزی جیهانی دوژمنان بووەتەوە، بەڵام لە ناوخۆدا بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە.
سەلامی ئاماژەی بەوەش کرد "ئێمە لە شەڕداین، بەڵام هیچ شتێک شەڕانگێزانە نییە، سەنگەرەکان چالاکن، بەڵام وڵاتەکە ئارامە."
فەرماندەکەی سوپای پاسداران دەشڵێت: بڵاوبوونەوەی دوژمن دەبینین، گوێت لە قسەکانیان دەبێت، هەست بە فشارە سیاسییەکەی دەکەیت، بەڵام نهێنییەکە لەوەدایە کە چۆن ئەم میللەتە لەژێر فشارێکی زۆر چڕدا چەسپاو و شکۆمەندانە وەستاوە؟
سەلامی جەختیشی کردەوە "هەموو سیستەمەکانمان بە شێوەیەکی ئاسایی کاردەکەن، لە کاتێکدا ئێمە لە شەڕێکی بەرفراوانداین، هیچ دڵەڕاوکێیەک لەنێو خەڵکدا نییە، ئەمەش شتێکی بێ وێنەیە."