لە دوو ڕووداوی جیاوازدا ژمارەیەک چەکداری هێزە عێراقییەکان کوژران و بریندار بوون

یەکشەممە، 25ـی ئایاری 2025، سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاند، لە یەکێک لە بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە پاریزگای سەلاحەددین، بەهۆی دەستکاریی 'نارنجۆکێک' ژمارەیەک ئەندامانی حەشدی شەعبی بریندار بوون.

 ئەو سەرچاوەیە بە میدیای ناوخۆی عێراقی ڕاگەیاند " لە گوندی تەل زەهەب لە پارێزگای سەڵاحەدین، لە ئەنجامی دەستکاریی نارنجۆکێک و بەکارهێنانی بە هەڵە لەلایەن چەکدارێکی سەر بە بارەگای  لیوای 41ـی هێزەکانی حەشدی شەعبی، نارنجۆکەکە تەقیوەتەوە."

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە "ئەو ڕووداوە بووەتە هۆی برینداربوونی شەش چەکداری هێزەکانی حەشدی شەعبی."

لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، لە قەزای نوعمانیە لە پارێزگای واست، ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان تەقەی لە هاوڕێکانی کردووە، لە ئەنجامدا یەکێکیان کوژراوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوونە.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی هێزە ئەمنییەکان "ئەو ئەندامەی هێزە ئەمنییەکان لە فەوجی فریاکەوتن بووە نەخۆشی دەروونیی هەبووە." گوتیشی: دوای تەقەکردن لە هاوپیشەکانی، تەقەی لەخۆشی کردووە و هەوڵی خۆکوشتنی داوە بەڵام بریندار بووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو تاوانبارە دەستگیر کراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و بریندارەکانیش گواستراونەتەوە نەخۆشخانە.