نەتەوە یەکگرتووەکان: هاوکاریی مرۆیی پێویست ناگاتە غەززە
ئاژانسی (ئۆنراو - UNRWA) ڕایگەیاند، هاوکاریی مرۆیی پێویست ناگاتە غەززە و ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان خواردنیان بەر ناکەوێت، هاوکات تۆڕی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی فەڵەستینیش ئاماژەی داوە، بارهەڵگرەکان لەلایەن هەندێک کەسی دەمامکدار تاڵان دەکرێن.
یەکشەممە 25ـی ئایاری 2025، ئاژانسی پەنابەرانی فەڵەستینی (ئۆنراو - UNRWA) ڕایگەیاند، کەرتی غەززە ڕۆژانە لانیکەم 500 بۆ 600 بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی پێویستە، بەڵام ئیسرائیل رێڕەوەکانی داخستووە و ڕۆژانە کەمتر لە 50 بارهەڵگر دەگاتە ئەو کەرتە.
ئاژانسی ئەکسیۆسی ئەمەریکیش لەسەر زاری بەرپرسێکی ئیسرائیل رایگەیاندووە، ڕێگریکردن لە هاوکارییە مرۆییەکان بە کەرتی غەززە هەڵەیەکی گەورەیە و بوونی ئیسرائیل دەخاتە مەترسییەوە.
تۆڕی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی فەڵەستین لەو بارەیەوە ڕایگەیاندوە، لە ڕۆژی دووشەممەوە 119 بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی لە ڕێگەی دەروازەی کەریم شالومەوە چوونەتە نێو کەرتی غەززە.
ئاماژەشی داوە، سەرەڕایی ئەوەی ئیسرائیل ڕێکارەکانی ڕێگەدان بە بارهەڵگرە هاوکارییەکان بۆ چوونە نێو کەرتی غەززە ئاسان کردووە، بەڵام لەلایەن هەندێک کەسی دەمامکدار بارهەڵگرەکان لە نزیک شاری خان یونس ڕووبەڕووی تاڵان و ئاستەنگی دەبنەوە.
هاوکات تۆڕی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی فەڵەستین، ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر بارهەڵگرەکان تۆمەتبار دەکات و سەرکۆنای دەکات.
هەروەها پرۆگرامی خۆراکی جیهانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، 15 بارهەڵگری ڕێکخراوەکە کە ئارد هەڵگرتبوو تاڵان کراون.
لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، لە ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی ڕابردوو 305 بارهەڵگری هاوکارییە مرۆییەکان چوونەتە نێو کەرتی غەززە.