دۆناڵد ترەمپ: پوتن بەتەواوی 'شێت' بووە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەهۆی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕوسیای بە 'شێت' وەسف کرد، هۆشداریشی دا لەوەی هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئۆکرانیا دەبێتە هۆی ڕووخانی ڕوسیا.
دۆنالد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیال" بڵاوی کردووەتەوە "هەمیشە پەیوەندییەکی زۆر باشم لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا هەبووە ، بەڵام دیارە تووشی شتێک بووە، بە تەواوی شێت بووە."
ئاماژەی بەوەش کردووە، هەمیشە گوتوومە پوتن, هەموو ئۆکرانیای دەوێت ، نەک تەنیا بەشێکی و ڕەنگە ئەوە ڕاست دەربچێت، بەڵام ئەگەر بیکات، ئەوە دەبێتە هۆی ڕووخانی ڕووسیا.
ترەمپ بە توندی سەرزەنشتی هاوتا ڕووسیەکەی کرد و ناڕەزایی خۆی دەربڕی، دوای ئەوەی ڕووسیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و بووە هۆی کوژرانی 13 ئۆکرانی.
هەرچەندە ترەمپ هەمیشە سەرسامی خۆی بۆ پوتن دەربڕیوە، بەڵام لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بێزاری زیاتری نیشان داوە لە هەڵوێستی مۆسکۆ و چەقبەستوویی لە دانوستانەکانی ئاگربەست لەگەڵ کیێڤ.
ترامپ لە فڕۆکەخانەی مۆریستاون لە ویلایەتی نیوجرسی بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: من بێزارم لەوەی کە پوتن دەیکات، ئەو خەڵکێکی زۆر دەکوژێت، نازانم چی لێ هاتووە."
جەختیشی کردەوە، ماوەیەکی زۆرە دەیناسم، هەمیشە لەگەڵیدا ڕێککەوتووم، بەڵام مووشەکبارانی شارەکان دەکات و خەڵک دەکوژێت، منیش بەهیچ شێوەیەک حەزم لەوە نییە.
هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە کاتێکدا بوو کە هەردوو وڵات لەوەتەی شەڕی دەستی پێ کردووە گەورەترین ئاڵوگۆڕی دیلەکانیان کرد.