وردەکاریی سەردانەکەی وەزیری ڕێگەوبانی ئێران بۆ عێراق ئاشکرا کرا

دووشەممە، 26ـی ئایاری 2025، بالیۆزی ئێران لە عێراق، محەممەد کازم ئال سادق، وردەکاریی سەردانەکەی فەرزانە سادق، وەزیری ڕێگەوبانی ئێرانی بۆ عێراق ئاشکرا کرد و گوتی، باسیان لە هێڵی شەمەندەفەر کردووە، کە خوسرەوی بە بەغداوە دەبەستێتەوە.
محەممەد کازم ئال سادق، ئاماژەی بەوەش کرد، سەردانەکەی وەزیری ڕێگەوبان و گەشەپێدانی شارەکانی ئێران بە ئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراقە لە بوارەکانی هێڵی ئاسن و ڕێڕەوی ئاسمانی و دەریایی، دەشڵێت: "لەم سەردانەدا، وەزیرەکەی ئێران لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و وەزیری ناوخۆی عێراق کۆ بووەتەوە."
باسی لەوەش کرد، فەرزانە سادق، وەزیری ڕێگەوبانی ئێران لە گرنگیی بەستنەوەی ڕێگەوبان و ڕێڕەوەکان لە باکوورەوە بۆ باشوور و ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژئاوا کردەوە، هەروەها باس و پێداچوونەوەی بە پرسی بەستنەوەی هێڵی ئاسنی شەلەمچە-بەسرە و پێشکەوتنی پڕۆژەکە و خێرایی پلانەکە کردەوە، هاوکات جەختی لە بەستنەوەی هێڵی ئاسنی خوسرەوی-مونزەرییە – خانەقین - بەغدا.
ئال سادق ڕوونیشی کردەوە، لایەنی عێراقی ڕەزامەندی خۆی بۆ ئەم بابەتە ڕاگەیاندووە و دەڵێت: "بڕیار درا لیژنە جیاوازەکان بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتانە بکەن."
گوتیشی: ئەمڕۆ دووشەممە، وەزیری ڕێگاوبان و گەشەپێدانی شارەکان گەشتی بەسرە دەکات و سەردانێکی مەیدانی بۆ پڕۆژەی شەلەمچە- بەسرە دەکات و بۆ بەدواداچوون بۆ پێشکەوتنی پرۆژەکە.