ئێران: ئامانجی ئیسرائیل تێکدانی ڕەوتی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تارانە
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند، هەموو ئەو دەنگۆیانەی پەیوەندارن بە دانوستانە ئەتۆمییەکانەوە لە ئیسرائیلەوە سەرچاوەیان گرتووە کە ئامانجیان تێکدانی ڕەوتی دیپلۆماسی و تێکدانی ڕێگای لێکگەیشتنە. ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ وادەیەکی نوێ بۆ خولی داهاتووی دانوستانەکان نییە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی ئایاری 2025، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە میانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانی هەفتانەیی خۆیدا، گوتی: تاران کات بەفیڕۆ نادات، بەڵکو بە جددی دانوستان دەکات بۆ ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە، جەختیشی کردەوە، تاران بۆ دانوستان لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا ئامادەیە.
بەقایی ڕوونی کردەوە "ئێران بەشێوەیەکی بنیاتنەر پەیوەندی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هەیە، هەروەها جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە لەم هەفتەیەدا سەردانی تاران دەکات بۆ بەدواداچوون بۆ هاوکارییە تەکنیکییە دوولایەنەکان."
ئەو بەرپرسەی ئێران، داوای لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کرد "بێلایەنی و پیشەیی" بپارێزێت و نەکێشرێتە ناو فشارە سیاسییەکانی لایەنی دیاریکراو.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بە توندی ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە کە باس لە داواکارییەکی ئەمەریکا دەکەن بۆ پشکنینی شوێنە سەربازییەکانی ناوخۆی وڵات و ئەم تۆمەتانەی بە "درۆی بێبنەما" وەسف کرد.
بەقایی گوتیشی: "پیتاندنی یۆرانیۆم مافێکی سەروەرییە و بەشێکی دانەبڕاوە لە بەرنامەی ئاشتیخوازانەی وزەی ئەتۆمی ئێران." گوتیشی: "هەرگیز سازش لە بەرگریی لە پیشەسازیی ئەتۆمیی نیشتمانیمان ناکەین."
ئاماژەی بەوەش کرد، لە چوارچێوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ڕۆژی سێشەممە، سەردانی سەڵتەنەتی عوممان دەکات، ئامانجی سەردانەکەش بەهێزکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات و درێژەدان بە هەماهەنگییەکانە لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.