بەرپرسانی تەندروستی غەززە: ئیسرائیل لە کاتی خەودا زیاتر لە 50 فەڵەستینی کوشت

بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل زیاتر لە 50 کەس کوژران، کە دەیان لەو کوژراوانە لەناو قوتابخانەدا لە شیرینی خەودا بوونە.
بەرپرسانی تەندروستی غەززە بڵاویان کردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی ئایاری 2025، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لانی کەم 52 کەس لەکەرتی غەززە کوژران، کە 36 کەس لەوانە لەکاتی خەودا لە قوتابخانەیەکدا بوونە کە هێرشیان کراوەتە سەر، سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە، ئەوان هێرشیان کردووەتە سەر چەکدارانی حەماس کە لە قوتابخانەدا بوون.
ئیسرائیل بەڵێنی داوە، دەست بەسەر غەززەدا بگرێت و بەردەوام بێت لە شەڕ تا ئەو کاتەی حەماس لەناو دەچێت یان چەک دادەنێت، هەروەها ئەو 58 بارمتەیە بگەڕێننەوە کە پێدەچێت یەک لەسەر سێیان لە ژیاندا بن.
ئیسرائیل هەفتەی ڕابردوو دەستی کرد بە ڕێگەدان بە هاوکاریی مرۆیی بۆ ناو غەززە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی دوو مانگ و نیو ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی هەموو جۆرە هاوکارییەکانی وەک خۆراک، دەرمان، سووتەمەنی و کاڵاکانی دیکە کرد.