ئێف بی ئای، دووبارە لێکۆڵینەوە دەربارەی دۆزینەوەی کۆکاینەکەی کۆشکی سپی دەکات
دان بۆنگینۆ، جێگری بەرێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەی فیدراڵی دەربارەی دۆزینەوەی کۆکاین لە کۆشکی سپی دووبارە دەست پێ دەکاتەوە.
ئەو بەرپرسە، لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' ڕایگەیاند "کاش پاتێل، بەڕێوەبەری FBI، بڕیاری داوە لێکۆڵینەوەکان لەسەر ژمارەیەک کەیس دەست پێ بکاتەوە کە ڕەنگە پەیوەندییان بە گەندەڵیەوە هەبێت."
ڕوونیشی کردەوە "لە نێو ئەو پرسانەدا پرسی دۆزینەوەی نارنجۆکێک بووە لە نزیک باڵەخانەیەکی کۆنگرێس لە ڕۆژی ئاژاوەگێڕییەکەی 6ـی کانوونی دووەمی 2021، و هەروەها دۆزینەوەی کۆکاین لە کۆشکی سپی.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە 2ـی تەمووزی 2023، لە بەشی ڕۆژئاوای کۆشکی سپی، بڕێک مادەی هۆشبەری جۆری کۆکاین دۆزراویەوە.
خزمەتگوزاری نهێنی ئەمەریکا ڕایگەیاند "دوای لێکۆڵینەوە لە تۆمارەکانی کامیرای چاودێری، نەتوانراوە ناسنامەی خاوەنی کۆکاینەکە ئاشکرا بکرێت.