عێراقییەکان لە تووڕەیدا لە پلەی یەکەمی عەرەبی و دووەمی جیهانیدان
ماڵپەڕی 'گالوپ گڵۆباڵ ئیمۆشنز' بڵاوی کردەوە، عێراقییەکان لە تووڕەیدا، پلەی یەکەمی عەرەبی و دووەمی جیهانیان گرتووە.
ماڵپەڕەکە، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە تێیدا هاتووە "عێراق لە پلەی یەکەمی وڵاتانی عەرەبی لە ڕووی توڕەیی هاووڵاتیانی دێت، دواتر ئوردن و لیبیا پلەی دووەم و سێیەم و تونس پلەی چوارەم و مەغریب لە پلەی پێنجەم و لوبنان لە پلەی شەشەم و ئیمارات لە پلەی حەوتەمدایە."
ئاماژەی بەوەش کردووە، لەسەر ئاستی جیهانیدا، هاووڵاتیانی قوبرسی باکوور لە تووڕەییدا پلەی یەکەمی جیهانی گرتووە، عێراقیش لە پلەی دووەم دێت، ئەرمینیا و ئوردن لە پلەی سێیەم و چوارەم دێن، کۆماری کۆنگۆش لە پلەی پێنجەمی جیهانی دێت.
ڕاشیگەیاند، هاووڵاتیانی ڤێتنام، فینلاند، ئیستۆنیا، پورتوگال و مەکسیک لە پلەکانی کۆتاییدا ڕیزبەندییەکەدان.