وەزارەتی شارەوانی: بەم زووانە ناوی سەرجەم فەرمانبەرانی سوودمەند لە وەرگرتنی زەوی پەسەند دەکرێت

بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، ناوی زیاتر لە 406 هەزار فەرمانبەر، پێشمەرگە و خانەنشین بۆ سوودمەندبوون لە وەرگرتنی زەوی پەسەند کراوە.

سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی ئایاری 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: پرۆسەی دابەشکردنی زەویی قۆناغی یەکەم  بەرەو کۆتایی دەچێت، لە چەند ڕۆژی داهاتوو ناوی سەرجەم پێشمەرگە و فەرمانبەرانی دیکە ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت.

بەڕێوەبەری بەشی یاسایی وەزارەتی شارەوانی گوتیشی: دوای گەڕانەوەی ناوی سەرجەم پێشمەرگە و خانەنشین و بەشێک لە فەرمانبەران قۆناغی دابەشکردنی زەوی لەلایەن شارەوانییەکانەوە بەڕێوە دەچێت.

سەربەست مەولوود، باسی لەوەش کرد، تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 406 هەزار فەرمانبەر و پێشمەرگە و خانەنشین ناویان بۆ سوودمەندبوون لە وەرگرتنی زەوی لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسند کراوە.

لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.

بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.

بەڕێوەبەری بەشی یاسایی ئاماژەی بەوەکرد، کۆی گشتیی ئەو فەرمانبەر و پێشمەرگە و خانەنشینانەی سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە 450هەزار دەبن.

سێشەممە، 6ـی ئایاری 2025، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پڕۆسەکە لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە و هەنگاوی زۆری بڕیوە و سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان لیستی ناوەکانیان تەواو بووە و پێداچوونەوە بۆ سەرجەمییان کراوە، تەنیا بەشێک لە خانەنشینان ماون، لە هەوڵداین لە ئایندەییەکی نزیکدا لیستی ناوەکانییان تەواو بێت و بە تەواوبوونی ناوی خانەنشینانی هەرێمی کوردستانیش ناوی سەرجەم فەرمانبەرانی سوودمەند لە وەرگرتنی زەوی تەواو دەبێت، تەنیا ئەگەر تاکتاكه‌ فەرمانبەرێک کێشەی هەبێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment