300 نووسەری فەرەنسی سەرکۆنەی کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی غەززە دەکەن
زیاتر لە 300 نووسەری دیاری فەرەنسا کە دوو لەوان( ئانی ئارنۆ و جان ماری گۆستاف لۆکلیزیۆ) خاوەنی خەڵاتی نۆبڵن لەبواری ئەدەبدا، لە وتارێکی هاوبەشدا سەرکۆنەی کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی غەززەیان کرد و داوای وەستانی بەپەلەی جەنگ و ڕاگەیاندنی ئاگربەستییان کرد.
لە وتارێکدا کە لەڕۆژنامەی لێبراسیۆنی فەرەنسی بڵاویان کردووەتەوە و دەڵێن: ئەو تاوانانەی لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە دەرهەق بە خەڵکی غەززە دەکرێن، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین، دەشڵێن: لەسەرمانە ئەو تاوانانە بە کۆمەڵکوژیی بناسێنین.
نووسەرانی فەرەنسا لە وتارەکەدا ئاماژەیان بەوە کردووە، لەهەر کاتێک زیاتر پێداگریی دەکەین لەسەر ئەوەی، سزا بەسەر دەوڵەتی ئیسرائیل بسەپێندرێت، داواشیان کردووە دەستبەجێ ئاگربەست ڕابگەیەندرێت، ئاسایش و دادپەروەری بۆ فەڵەستینییەکان گرەنتی بکرێت، هەروەها بارمتە ئیسرائیلییەکانیش ئازاد بکرێن لەگەڵ ئازادکردنی دیلەکانی فەڵەستین کە ئێستا لە زیندانەکانی ئیسرائیلدان، مەرجیشیان داناوە لەوەی، دەستبەجێ کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی غەززە بووەستێنرێت.
لەنێوان ئەوانەی لەسەر وتارەکەی ڕۆژنامەی لێبراسیۆن واژووی خۆیان کردووە، لەماوەی ڕابردوودا خەڵاتی گۆنکوری ئەدەبیان پێ بەخشراوە، ئەوانیش(ئیرفیە لۆ تیلیە، جیرۆم فیراری، لۆران گۆدیە، بریجت جیرۆ، لەیلا سلێمانی، لەیدی سالفیر، محەممەد مەبوگار سار، نیکۆلا ماتیۆ و ئیریک فویار) بوون.
ماڵپەڕی مۆنیتۆر لە چەند سەرچاوەیەکەوە گواستوویەتییەوە، ئەگەری هەیە لەماوەی چەند هەفتەیەکدا، یەکێتی ئەوروپا بەشێکی ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ ئیسرائیل هەڵپەسێرێت.
وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو هێرشەی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 کردیانە سەر باشووری ئیسرائیل، ئیسرائیل ماوەی 19 مانگە هێرش دەکاتە سەر ئەو ناوچە گەماورۆدراوەی فەڵەستین کە غەززەیە و ئابڵوقەی خستووەتە سەری و قەیرانێکی مرۆیی گەورەی مرۆیی دروستکردووە.