ترەمپ هۆشداریی دەداتە ناتانیاهۆ

سەرۆکی ئەمەریکا ئاشکرای کرد، نزیکن لەوەی لەگەڵ ئێران بگەنە ڕێککەوتن، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیشی ئاگادار کردووەتەوە کارێک نەکات زیان بە دانوستانەکان بگەیەنێت.

چوارشەممە 28ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: دەتوانن بە ڕێگەی دیپلۆماسی کێشەکانیان لەگەڵ ئێران چارە بکەن، بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیشی ئاگادار کردووەتەوە، نابێت کارێک بکات زیان بە دانوستانەکانیان لەگەڵ تاران بگەیەنێت

ئاماژەی بەوەش دا، دەتوانن هێرش بکەنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و لەناویان ببەن، بێ ئەوەی هیچ کەسێکیش بکوژرێت، بەڵام ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ ئەوە، چونکە خەریکە لەگەڵ تاران بگەنە ڕێککەوتن.

ترەمپ دووپاتی دەکاتەوە، ئێران چاوی لە ڕێککەوتنە، ئەگەر بگەنە ڕێککەوتن ژیانی زۆر کەس دەپارێزن، بەڵام کاتی رێککەوتنەکەش دیار نییە، لەوانەیە لە چەند هەفتەی داهاتوودا بێت.

هەینی، 23ـی ئایاری 2025، گەڕی پێنجەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە ڕۆما کۆتایی هات؛ لەو بارەیەوە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند "گفتوگۆی ئەتۆمی لەگەڵ واشنتن ئاڵۆزە و کاتی زیاتری پێویستە."

گوتیشی: بەهۆی پێشکەشکردنی پێشنیازەکانی عوممان، پێشکەوتنی باش لە دانوستانەکاندا هەبوو.

لای خۆیەوە بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان ڕایگەیاند، لە دانوستانەکانی گەڕی پێنجەمی نێوان ئەمەریکا و ئێران کەمێک پێشکەوتن هەبووە، بەڵام یەکلاکەرەوە نەبووە.