ڕۆیتەرز: ناتانیاهۆ بە پێشنیازی ویتکۆف لەبارەی ئاگربەست ڕازی بووە

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە پێشنیازەکەی نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبارەی ئاگربەستی غەززە ڕازی بووە.
پێنجشەممە 29ـی ئایاری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، بە پشبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە پێشنیازی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە تایبەتە بە ڕاگەیاندنی ئاگربەسێکی کاتیی لە غەززە و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان ڕازی بووە.
سەرچاوەکان ئەوەشیان ئاشکرا کرد، کە ناتانیاهۆ، گوتووێتی: ڕازیبوونمان بە پێشنیازەکەی ویتکۆف لەبارەی ئاگربەست، بە مانای کۆتایهێنان بە شەڕ نایەت.
لای خۆیەوە بزووتنەوەی حەماس، لە کەناڵی خۆی لە تەلەگرام ڕایگەیاندووە: پێشنیازەکەی ویتکۆفمان لەبارەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە بەدەست گەیشتووە، بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکەین، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە. ئەمڕۆ مێدیا ئیسرائیلییەکان، بڵاویان کردەوە، ئەو پێشنیازیەی کە شەوی ڕابردوو ویتکۆف خستیتییە بەردەم ئیسرائیل، قۆناغی یەکەم، بریتییە لە؛ ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی 60 ڕۆژی لە کەرتی غەززە، کە لەو ماوەیەدا 9 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکرێت و 18 تەرمیش بۆ وڵاتەکە دەنێردرێنەوە.
بە گوێرەی پێشنیازەکەی ویتکۆف، ئیسرائیل لە ڕۆژی یەکەمدا لەو ناوچانە دەکشێتەوە کە بەم دواییە لە باکووری ڕێڕەوی نەتساریمەوە داگیری کردبوو، هەروەها لە ڕۆژی حەوتەمدا، لەو ناوچانەی کە لە باشووری ڕێڕەوی نەتساریم داگیری کردبوو دەکشێتەوە.
هەروەها لە پێشنیازەکەدا ئەوەش هاتووە، بە بەشداری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژانە هاوکاریە مرۆییەکان لە کەرتی غەززە دابەش دەکرێت، بەڵام دوای تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی ئاگربەست، ئەگەر هیچ ڕێكکەوتنێک لەنێوان ئیسرائیل و حەماس نەکرێت، ئەوا ئیسرائیل دەتوانێت شەڕ دەست پێ بکاتەوە.