وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشە لە حەماس دەکات
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت: دوو بژاردە لە بەردەم حەماس هەن، یان دەبێت بە پێشنیازی ئاگربەست ڕازی بێت، یان ڕووبەڕووی لەناوچوون دەبێتەوە.
هەینی 30ـی ئایاری 2025، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، سوپای ئیسرائیل لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە، ئەمەش لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی حەماس و وێرانکردنی بنکە و بارەگاکانیان.
جەختی لەوەش کردەوە، سوپای ئیسرائیل لە هێرشەکانی بۆ سەر حەماس بەردەوام دەبێت، ئەمەش بە ئامانجی گەرنتیکردنی پاراستنی ئیسرائیل و سەربازەکانیان.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، دەڵێت: دوای لەناوبردنی حەماس و وێرانکردنی بنکە و بارەگاکانیان، پلانی ئیسرائیل بۆ دەستبەسەرداگرتنی ڕووبەرێکی فراوان لە خاکی کەرتی غەززە جێبەجێ دەکەین.
ئیسرائیل کاتز، لەبارەی پێشنیازەکەی ویتکۆف، ڕایگەیاند: ئێستا دوو بژاردە لە بەردەم بزووتنەوەی حەماس هەن. یان دەبێت بە پێشنیازەکەی ویتکۆف ڕازی بێت و ئاگربەست قبووڵ بکات، یان بە یەکجاریی لەناوی دەبەین.
لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ بزووتنەوەی حەماس، ڕایگەیاند: لەبارەی پێشنیازی ئاگربەست، ڕاوێژ لەگەڵ هێز و لایەنە فەڵەستینییەکان دەکەین و هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بە پێشنیازەکە دەکەین.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز پێشنیازەکەی ویتکۆفی لەبارەی ئاگربەست بڵاو کردووە، ئاگربەستەکە بۆ ماوەی 60 ڕۆژ دەبێت، لە هەفتەی یەکەمدا، حەماس دەبێت 10 بارمتە ئازاد بکات و 18 تەرمی سەربازەکانی ئیسرائیل ڕادەست بکات، لە بەرانبەردا ئیسرائیل دەبێت هەزار و 236 زیندانی فەڵەستینی ئازاد بکات و 180 تەرمی زیندانییەکانیش ڕادەست بکاتەوە.