ئاسایشی ئۆکرانیا: لە قوڵایی ڕووسیا 40 فڕۆکەی جەنگیی ڕووسیمان تێک شکاند

 دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە قووڵایی خاکی ڕووسیادا زیاتر لە 40 فڕۆکەی هێزەکانی ڕووسیایان تێک شکاندووە.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا، هێرشەکە لە ژێرناوی (تۆڕی جاڵجاڵۆکە) جێبەجێ کراوە و پلانەکەشی زۆر بە وردی و زیاتر لە یەک ساڵ و نیوی خایاندووە، کە ڕاستەوخۆ لە لایەن ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیاوە سەرپەرشتی کراوە و لە هێرشەکەدا 117 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەشدارییان کردووە.

دوای هێرشەکە، زێلێنسکی لە وتارێکدا کە لە میدیاکانی ئۆکرانیا بڵاو کرایەوە، ڕایگەیاند "هێرشەکە لە نزیک بارەگای ئاسایشی فیدراڵیی سیبیریا، واتە دەزگای هەواڵگریی و ئاسایشی ڕووسیا جێبەجێ کراوە."

سەرچاوە سەربازییەکانی ئۆکرانیاش بڵاویان کردووەتەوە "سەرەتا فڕۆکەکانمان بە نهێنی لە خانووی داریندا شاردووەتەوە و بە بارهەڵگری گەورە گەیاندوومانەتە نزیک بنکەی ئاسمانیی بیلایا لە ناوچەی ئێرکوتسک لە سیبیریا، پاشان سەربانی خانووەکان کراونەتەوە و درۆنەکانیان لێوە فڕیون و ئۆپەراسیۆنەکانیان بە سەرکەوتوویی ئەنجام داوە."

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سەر بە میدیای ڕووسیا، گرتە ڤیدیۆییەک بڵاو کراوەتەوە دەردەکەوێت، چۆن درۆنەکان لە ناو خانووە دارینەکانی سەر بارهەڵگرێکەوە دەردەچن. لە هەمانکاتدا چەند کەسێک سەردەکەونە سەر بارهەڵگرەکە و هەوڵی ڕێگریی لە فڕینی درۆنەکان دەدەن.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا 41 فڕۆکەی سەربازیی ڕووسیایان لە ناوچەی ئێرکوتسک پێکاوە، بەمەش لە %34ی فڕۆکە مووشەکهەڵگرە ڕووسyیەکانیان تێک شکاندووە، لەوانە فڕۆکەکانی جۆر A50 و Tu95 Tu22M.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان فڕۆکەکانی جۆری Tu95  و  Tu22M فڕۆکەی بۆمبهاوێژی دوورمەودان و پێشتر لە لایەن ڕووسیاوە چەند جار بۆ هێرش کردنە سەر قووڵایی خاکی ئۆکرانیا بەکار هێنراون.

بەپێی دوا هەواڵی ڕاگەیەنراو لە لایەن میدیاکانی ئۆکرانیاوە، ئەو هەڵمەتە زیانی نزیکەی 7 ملیار دۆلاری بە ڕووسیا گەیاندووە.

ڕووسیا، هەواڵی هێرشەکەی ئۆکرانیای پشتڕاست کردووەتەوە و وەک وەڵامدانەوەیەک، چەند کاتژمێر  پێش دەستپێکردنی گەڕێکی دیکەی گفتۆگۆی ئاشتیی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ئیستانبوول، بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر ئۆکرانیا.