ڕۆژنامەیەک: بەهۆی پشێوییەکانی ئیدارەی ئەمەریکا سزاکانی سەر ئێران ڕاگیراوە

ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2025، 'ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ' ئاشکرای کردووە، کارۆلین لیڤیت گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕێنمایی ئاراستەی وەزارەتی دەرەوە و گەنجینەی ئەمەریکا کردووە بۆ ڕاگرتنی سەپاندنی هەر سزایەکی نوێ بەسەر ئێراندا.

ڕۆژنامەکە، لەزاری سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئەو سزایانەی ئەمەریکا بەسەر فرۆشتنی نەوت و سەروەت و سامانی بلۆککراوی ئێرانیدا سەپاندوویەتی، وەک خۆی دەمێنێتەوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆشکی سپی بە 'وۆڵ ستریت جۆرناڵ'ـی ڕاگەیاندووە، هەڵمەتەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ فشارخستنە سەر ئێران هێشتا بەردەوامە، ئەمەش ئەو سیاسەتە نوێیە کە بە بەرپرسانی باڵای ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی و وەزارەتی گەنجینە و دواتریش، بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاگەیەندراوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە "بەرپرسانی پەیوەندیدار بە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر سیاسەتە نوێیەکە ئاگادار کرانەوە، بەڵام پێویستە ڕێنماییەکە بە شێوەیەکی بەرفراوانتر بڵاو بکرێتەوە."

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئەوەشی خستووەتە ڕوو، هەواڵەکە لە کۆشکی سپییەوە هاتووە نەک ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، یان وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، ڕوونیشی کردەوە "ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە پشێویدایە دوای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ مۆڵەتی بە زیاتر لە 100 کارمەندی ئەنجوومەنەکە داوە." هاوکات، بەرپرسیارییەتی سیاسەتە نوێیەکان بە تەواوی لە نێوان وەزارەتی دەرەوە و نووسینگەی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا یەکلایی نەکراوەتەوە.

کەناڵی 'سی بی ئێس'ـی ئەمەریکایی بڵاوی کردەوە، تیمی پەیوەندییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بەنیازی چارەکردنی کێشەکەن و نووسینگەی سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپیش ​​هاتووەتە سەر خەت.

هەندێک لە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ پێیان وایە، ئەم سیاسەتە تەنیا مەبەست لێی خاوکردنەوە و بەدواداچوونە بۆ ڕێوشوێنە نوێیەکانی سزاکان، لە کاتی دانوستانە ئەتۆمیەکاندا.

 

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment