مێدیاکانی سووریا: شەرع سەردانی ئەمەریکا دەکات

مێدیاکانی سووریا بڵاویان کردەوە، لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ، سەرۆک کۆماری سووریا سەردانی ئەمەریکا دەکات و، وتارێک لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەش دەکات.

سێشەممە 3ـی حوزەیرانی 2025، چەند مێدیایەکی سووریا، بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان، ئاشکرایان کرد، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی کۆماری سووریا، لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ سەردانی ئەمەریکا دەکات.

هاوکات ئاماژەیان بەوە دا، شەرع لەم سەردانەی بۆ ئەمەریکا، بەشدار دەبێت لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و گوتارێک پێشکەش دەکات، کە ئەمەش دەبێتە یەکەم گوتاری سەرۆک کۆماری سووریا لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوەکە دوای 60 ساڵ.

چوارشه‌ممه‌، 14ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و له‌ ڕیازی پایته‌ختی سعوودیه،‌ لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری نوێی سووریا کۆ بووەوە.

هەر ئەو کات ترەمپ ڕایگەیاند: وڵاتەکەی دەست دەکات بە هەڵگرتنی ئەو سزایانەی کە لە سەردەمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی کۆماری سووریا، بەسەر دیمەشقدا سەپێنرابوون.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی گەنجینە ئەمەریکا هەینی 23ـی ئایاری 2025، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕێکارەکانی هەڵگرتنی بەشێک لە سزا ئابوورییەکانی سەر سووریای جێبەجێ کرد.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment