بەریتانیا 100 هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ڕادەستی ئۆکرانیا دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2025، بەریتانیا ڕایگەیاندووە، تاوەکوو مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو، 100 هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکات، کە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە گۆڕانکاری ستراتیجی لە شەڕەکەی مۆسکۆ و کیێڤ دەکەن.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، حکوومەتی بەریتانیا ڕایگەیاندووە، بەهای ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە دەگاتە 473 ملیۆن دۆلار، ئەمەش بەشێکە لەو دەستپێشخەرییە سەربازییەی کە بۆ پاڵپشتیی ئۆکرانیا دابین کراوە.
بڕیارە جۆن هێڵی، وەزیری بەرگری بەریتانیا، لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی بەرگریکارانی ئۆکرانیا کە 50 وڵات لە خۆدەگرێت و لە ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت، بڕیاری ناردنی 100 هەزار درۆنەکە ڕبگەیەنێت.
جۆن هێڵی لەوبارەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، دووپاتی دەکەینەوە ئەمساڵ بۆ پاڵپشتی ئۆکرانیا دەیان هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ڕادەستی کیێڤ دەکەین.
جگە لە گەیاندنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بەریتانیا ڕایگەیاندووە، لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە، 140 هەزار گولـلە تۆپی بۆ ئۆکرانیا ناردووە، هەروەها ئەمساڵ 247 ملیۆن پاوەند خەرج دەکات بۆ مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی ئۆکرانیا.
لە پێشهاتێکی پەیوەنداردا، ناتۆ بەنیازە توانا سەربازییەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو فراوان بکات بۆ بەهێزکردنی و بەرگریکردن لە بەرانبەر هەڕەشەکانی ڕووسیا، ئامانجەکانی ئێستای بە ڕێژەی نزیکەی لەسەدا 30 بەرز دەکاتەوە، کە ئامانجە نوێیەکان بریتین لە زیادکردنی کۆگای مووشەکی دوور مەودا و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هەروەها بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی و تۆپخانە.