وەزیری دەرەوەی سووریا: ئێمە لەگەڵ ئیسرائیل شەڕ ناکەین

وەزیری دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەدوای شەڕدا ناگەڕێت و پابەندە بە ڕێککەوتنی ساڵی 1974 لەگەڵ ئیسرائیل، کە ڕاگرتنی شەڕ و ئاگربەستە.

ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە دیمەشق ڕایگەیاند، "هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سووریا پێشێلکردنی سەروەری سووریایە و ڕێگە بۆ ئەو گرووپانە خۆش دەکات کە هەڕەشە لە ئاسایشی سووریا دەکەن و دەیانەوێت سەقامگیری وڵاتەکە تێکبدەن.

ئەسعەد شەیبانی گوتیشی: ئێمە داوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی ساڵی 1974 دەکەین، کە ڕاگرتنی شەڕە لە نێوان هەردوولا، بۆیە سووریا هەمیشە نیازی خۆی دەربڕیوە کە بەدوای شەڕدا نییە، بەڵکو بەدوای ئاوەدانکردنەوەیە.

هەروەها وەزیری دەرەوەی سووریا داوای لە یەکێتیی ئەورووپا و هەموو وڵاتان کرد، پشتیوانی لە هەوڵەکانی وڵاتەکەی بکەن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری سووریا.

ئاماژەی بەوەش دا، سووریا ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دامودەزگاکانی ئەورووپا پەرەپێبدات بۆ گفتوگۆ و وەبەرهێنان.

ڕۆژی سێشەممە، 3ـی حوزەیران، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ناوچەکانی باشووری سووریا، ئەمەش لە وەڵامی ئەو دوو مووشەکە بوو کە لە خاکی سووریاوە ئاراستەی بەرزاییەکانی جۆلان کرابوو.