وەزیری ناوخۆی سووریا: کۆتاییمان بە بەرهەمهێنانی کەپتاگۆن هێناوە
وەزیری ناوخۆی سووریا ڕایدەگەیەنێت، هیچ کارگەیەکی دروستکردنی کەپتاگۆن لەو وڵاتە نەماوە.
ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی سووریا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هیچ کارگەیەکی دروستکردنی حەبی هۆشبەری جۆری 'کەپتاگۆن' لەناوخۆی ئــەو وڵاتەدا نەماوە، هەمووان دەستیان بەسەرداگیراوە و لەناوبراون.
خەتاب باسی لەوەش کردووە، پیشەسازیی دروستکردنی حەبی کەپتاگۆن بەتەواوی لە سووریا لەناوبراوە و هیچ کارگەیەکی دروستکردنی ئەو حەبە لە وڵاتدا نەماوە، کە سەرچاوەیەکی بەهێزی دارایی سەردەمی بەشار ئەسەد بوو.
وەکوو ئەوەی وەزیری ناوخۆی سووریا ئاماژەی پێ دا، زرۆینەی کارگەکانی کەپتاگۆن لە ڕیفی دیمەشق و سنووری لوبنان بوون.
لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی بەشار ئەسەد، سووریا بەرپرسیار بووە لە بەرهەمهێنانی 80٪ـی حەبی کەپتاگۆن لە جیهاندا. لەنێو بارە میوە و کاڵای دیکەەوە، ڕەوانەی عێراق، تورکیا و ئوردنیش دەکرا.
پێشتر دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاندبوو: "ئەسەد بازرگانێکی ماددە هۆشبەرەکان بوو کە لە رێگەی کەپتاگۆن و دارایی نایاساییەوە پارەی ڕژێمەکەی دابین دەکرد."