ئەحلام جابری: ناوەندەكانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە ڕۆژانی جەژندا كراوە دەبن
ئەحلام جابری، ئەندامی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق، ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا کارمەندانی كۆمیسیۆن لە ناوەندەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەمێننەوە تاوەکو ماوەی نوێکردنەوەکە لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران کۆتایی دێت.
پێنجشەممە، 5ـی حوزەیرانی 2025، ئەحلام جابری داوا لەو هاووڵاتیان دەكات، سوود لە ڕۆژانی جەژن وەربگرن بۆئەوەی سەردانی ناوەندەکان بکەن، بەتایبەتی بۆ تۆماركردنی حاڵەتەكانی مردن یان گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوون، هەروەها بەگوێرەی زانیارییەكانی كۆمیسیۆن لە 25ـی ئاداری ئەمساڵەوە تاوەكوو ئێستا، زیاتر ملیۆنێك و 800 ھەزار کەس کارتی بایۆمەترییان نوێکردووەتەوە کە زیاتر لە 284 هەزاریان لە هەرێمی کورستانن.
ڕۆژی چوارشەممە، 28ـی ئایاری 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند، تاوەکوو 27ـی ئایاری 2025، زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان نوێ کردووەتەوە.
کۆمیسیۆنی باڵا ئاماژەی بەوەش کردبوو، لە پارێزگای هەولێر 116 هەزار و 724 دەنگدەر کارتەکانیان نوێ کردووەتەوە، لە دهۆک 60 هەزار و 422 دەنگدەر و لە سلێمانی 85 هەزار و 464 دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان نوێ کردووەتەوە.
ڕوونیشی کردووەتەوە لە پارێزگای کەرکووک 85 هەزار و 629 دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان نوێ کردووەتەوە، زۆرترین نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتری لە پارێزگای نەینەوایە کە 237 هەزار و 90 دەنگدەرە، کەمترینیش لە پارێزگای موسەنایە، کە 21 هەزار و 171 دەنگدەرە.
کۆی گشتیی ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی بایۆمەتریان نوێ کردووەتەوە بریتییە لە 1،613،421 کەس.
