هەولێر..ئەمساڵ 85حاڵەتی سووتانی ئۆتۆمبێل تۆمارکراون

ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و گەرما حاڵەتەکانی سووتانی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان زیاد دەکات، بەرگری شارستانی هەولێریش دەڵێت: بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕووداوەکان کەمی کردووە.
شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگری شارستانیی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی حوزەیرانی 2025، بە کوردستان24ـی گوت: داوا لە هاووڵاتییان دەکەین لە وەرزی هاویندا چەرخ و بۆن و هەر کەلوپەلێکی دیکەی مەترسیدار لە ناو ئۆتۆمبێلەکانیان هەبێت و ببێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە، دەبێت نەیهێڵن.
بەشێک لە هاووڵاتییان لەناو ئۆتۆمبێلەکانیان بۆن و مەعەتەر هەیە، لەکاتی چونیش بۆ سەر کار و دەوام ئۆتۆمبێلەکانیان لەبەر خۆر رادەگرن، کە ئەمە پێچەوانەی رێنماییەکانی بەرگری شارستانییە و لە وەرزی گەرمادا گەلێک جار دەبێتە هۆی گڕکرتنی ئۆتۆمبێل.
بە گوێرەی ئەو ئامارەی دەستی کوردستان24 کەوتووە، لەسەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکوو ئێستا لە سنووری پارێزگای هەولێر، 85 حاڵەتی سووتانی ئۆتۆمبێل تۆمارکراون، کە بەشێکیان بەهۆی جێهێشتنی ئەو جۆرە کەلوپەلانەوە بووە، کە گڕگرتنیان خێرایە.
هاوکات بەرگری شارستانیی هەولێر ئاماژەیدا، حاڵەتەکانی سووتانی ئۆتۆمبێل ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمی کردووە، لەگەڵ ئەوشدا بەرگری شارستانی چەندین ڕێنمایی بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان شۆفێران پەیڕەوی بکەن تاوەکوو ئۆتۆمبێلەکانیان لە سووتان یان ئاگرکەوتنەوە بپارێزن.
هەروەها بەشێک لە پیشەکارەکان پێیانوایە، بەشێک لە هاووڵاتییان خۆیان هۆکارن لە ئاگرکەوتنەوە؛ سەرکار ساڵح، کە پیشەی فیتەرە بۆ کوردستان24ـی گوتی: بەشێک لە شۆفێران کەمتەرخەمن لە چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان و زۆرجار خۆیان هۆکارن لە ئاگرکەوتنەوە و سووتانی ئۆتۆمبێلەکانیان.