بەبۆنەی جەژن 16 بەندکراو دەگەڕێنەوە ماڵەکانییان

لە هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە لە چاکسازییەکان مۆڵەت بەژمارەیەک بەندکراو دراوە، بگەڕێنەوە ماڵەوە و لەگەڵ کەسوکاریان جەژن بکەن.
خالید محەممەد، گوتەبێژی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی حوزەیرانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە لە چاکسازییەکانی هەرچوار پارێزگاکە 16بەندکراو مۆڵەتییان پێدراوە بۆ ئەوەی ڕۆژانی جەژن لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکانیان بەشداری جەژن بکەن.
خالید محەممەد، گوتیشی: لەو 16 بەندکراوە، سێ لە دهۆک و پێنجیان لە هەولێر و هەشت بەندکراویش لە سلێمانین و مۆڵەتی پێنج ڕۆژیان پێدراوە.
خالید محەممەد باسی لەوەش کرد، هیچ بەندکراوێکی تاوانەکانی کوشتن و ماددە هۆشبەرکان مۆڵەتی لەمجۆرەیان پێ نادرێت، ئەوانەشی مۆڵەتیان پێدەدرێت، دەبێت کەفیلی تایبەتییان هەبێت.
هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی چاکسازیی گەورانی هەولێر خشتەی سەردان و دیداری بەندکراوانی بڵاوکردووەتەوە، کە بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان تایبەت دەبێت بە ئافرەتان بەمشێوەیە:
ڕۆژی دووەمی جەژن 7ـی حوزەیرانی 2025، بەشی A
ڕۆژی سێیەمی جەژن 8ـی حوزەیرانی 2025، بەشی C
لە ساڵی ڕابردوو 2024، زیاتر لە 480 بەندکراو چوونەتەوە لای کەسوکاریان.