پاشماوەی قوربانیی جەژن هاووڵاتییانی چەند گەڕەکێکی هەولێری هەراسان کردووە

هەڵگرتنەوەی پاشماوەی قوربانیی کردنی هاووڵاتییان لە گەڕەکەکانی هەولێر
هەڵگرتنەوەی پاشماوەی قوربانیی کردنی هاووڵاتییان لە گەڕەکەکانی هەولێر

بەهۆی قوربانیی کردن لە ڕۆژانی جەژن، بەشێک لە هاووڵاتییانی هەولێر، لە دەورووبەری گەڕەکەکان پاشماوەی زۆری ئاژەڵیان فڕێداوە و بۆنێکی ناخۆشیان بە گەڕەکەکە و شارەکەشدا بڵاوکردووەتەوە، بەمەش هاووڵاتییانی دیکە بەو بۆنە ناخۆشە هەراسان بوونە، لە کاتێکدا بەر لە جەژن، بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاریی ژینگە چەندین(حاویە)ـی گەورەی زبڵیان لە گەڕەکەکان داناوە، داواشیان لە هاووڵاتییان کردووە، پاشماوەی قوربانییەکانیان لەنێو (حاویەکان) فڕێ بدەن بۆ ئەوەی تیمەکانی شارەوانی بیگوازنەوە، بەڵام بەشێک لە هاووڵاتییان پابەندی ئەو ڕێنماییانە نەبوونە.

سەرباری بڵاوکردنەوەی ڕێنماییەکانی هۆشیاریی، دیمەنی پاشماوەی ئاژەڵی قوربانیی، لەدەورووبەری گەڕەکەکان دەبیندرێت کە کە لەسەر زەوی فڕیدراون، دیمەنەکان لەگەڵ شارستانیی بوونی پایتەخت ناگونجێ و بەشێکی شارەکەیان پیس کردووە، بۆنی ناخۆشی پاشماوەی ئاژەڵە قوربانییەکان، دانیشتووانی بەشێک لەگەڕەکەکانی هەولێری هەراسان کردووە.

نەجمەدین عەبدولڵا، هاوڵاتییەکی ئەو گەڕەکانەیە کە نزیکە لەو شوێنەی پاشماوەی ئاژەڵانی قوربانیی لێ فڕی دەدرێت، بۆ کوردستان24 گوتی: پێم وایە ئەوانەی بەو شێوەیە قوربانیی دەکەن، پاشماوەی قوربانییەکانیان فڕێ دەدەنە نزیک گەڕەکەکان، قوربانییەکە نەکەن چاکترە، چونکە خەڵکیی بە بۆنی ناخۆش هەراسان دەکەن و نەخۆشیی بڵاو دەکەنەوە، دەڵێت: ڕێنمایی بڵاو کراوەتەوە، ئەو هاووڵاتییەی قوربانیی دەکات، پاشماوەکە لەبەردەم ماڵەکەی خۆی دابنێت، تیمەکانی شارەوانی دێن هەڵیدەگرن و دەیگوازنەوە، یاخود لەو (حاویە) گەورەکان دایبنێن کە دوایی تیمەکانی شارەوانی دێن دەیگوازنەوە.

کاوارن محەممەد، هاووڵاتییەکی دیکەیە کە بەدەست بۆنی ناخۆشی پاشماوەی قوربانیی هەراسان بووە و بۆ کوردستان24 گوتی: ئەو بۆنە ناخۆشەی لە پاشماوەی قوربانییەکانەوە بۆ گەڕەکەکان دێت، نەخۆشیی بڵاو دەکاتەوە، چونکە لە بۆنی پاشماوەکان ڤایرۆس و پەتای زۆر بڵاو دەبنەوە.

تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاریی ژینگەیی، لە ڕۆژانی جەژن و پشووی فەرمیدا لە گەرمیی نزیکەی 40 پلەی سیلیزیی کاردەکەن، پاشماوەی شوێنی قوربانیی کردنی هاووڵاتییان پاک دەکەنەوە.

ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی ژینگەیی بۆ کوردستان24ـی گوتی: ڕۆژێک بەر لە هاتنی جەژنی قوربان و دەستپێکردنی قوربانیی کردن لەلای هاووڵاتییان، 24 شوێنمان دەست نیشان کردن لە تەواوی سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، بۆ ئەوەی پاشماوەی قوربانییەکانی لێ فڕێ بدرێت، هاوکات 13 ژمارەی تەلەفۆنمان بڵاو کردەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان پەیوەندیمان پێوە بکەن دوای ئەوەی قوربانیی دەکەن، بۆ ئەوەی بتوانین پاشماوەی قوربانییەکانیان بۆ بگوازینەوە، دەڵێت: هەندێک لە هاووڵاتییان پابەندی ڕێنماییەکان بوون و پاشماوەکانیان لە حاوییەکان فڕێداوە، ڕۆژانەش تیمەکان (حاویەکان) دەگوازنەوە و پاکی دەکەنەوە، بەڵام زۆرێک لە هاووڵاتییانیش پابەندی ڕێنماییەکان نەبوون و زۆر بە هەڕەمەکی هەر شوێنێک کە دەستییان پێی گەیشتووە، پاشماوەی قوربانییەکانیان لێ فڕێ داوە، لە کاتێکدا پلەی گەرمی سەرووی 40 پلەی سیلیزییە، بۆنی ناخۆشیی پاشماوەکان بەهۆی گەرماوە زۆر زیاتر بڵاو دەبێتەوە، کە تیمەکانی ژینگەپارێزی و هاووڵاتییانیش پێوەی هەراسان بوونە.

لە کاتێکدا بەر لە جەژن، وەزارەتی تەندروستی ڕێنمایی خۆپارێزیی لە تای خوێنبەربوونی بڵاو کردەوە، هاووڵاتییانی پابەند کرد بەوەی، تەنها لە کوشتارگەکان ئاژەڵەکانیان سەر ببڕن، بەڵام فڕێدانی ئەو هەموو پاشماوەی قوربانییە لە دەورووبەری گەڕەکەکان دەری دەخات، زۆرێك لە هاووڵاتییان، پابەندیی ڕێنماییەکان نابن.