ئیسرائیل دەستی بەسەر یەختی 'مادلین'ـدا گرت

یه‌ختی گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا.

دووشەممە، 09-06-2025، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، ده‌ستیان به‌سه‌ر یه‌ختی 'مادلین'ـدا گرتووه‌ كه‌ به‌ مه‌به‌ستی گه‌یاندنی هاوكاری ڕووی له‌ غه‌ززه‌ كردبوو.

 به‌ گوێره‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل، سه‌رنشینه‌كانی ئه‌و یه‌خته‌ بۆ وڵاته‌كانیان ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌ و ڕێگه‌ به‌ گه‌یاندنی به‌شێكی كه‌م له‌ هاوكارییه‌كان بۆ غه‌ززه‌ ده‌ده‌ن.

 یەختی مادلین کە لە یەکی حوزەیرانی ئەمساڵ لە دوورگەی سیسیلیاوە گەشتەکەی بۆ کەرتی غەززە دەست پێ کرد، 12 سەرنشینی هەڵگرتووە. یەکێك لە سەرنشینەکانیش گرێتا تونبێرگ، چالاکوانی سویدییە.

چالاکوانەکان خوازیاری ئه‌وه‌بوون گەمارۆی ئیسرائیل لەسەر کەرتی غەززە بشكێنن و هەندێك پێداویستی وەك خۆراك بۆ منداڵان و پێداویستیی تەندروستی بگەیه‌ننه‌ کەرتی غه‌ززه‌.