دلۆڤان محەممەد: لەم جەژنەدا نزیکەی 600 کەس سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی جەژندا،   نزیکەی 600 کەس سەردانی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکانیان کردووە، بۆ مەبەستی پشکنین و وەرگرتنی چارەسەر.

 دووشەممە، 9ـی حوزەیرانی 2025، د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە سنووری پارێزگای هەولێر لە ڕۆژانی پشوو جەژنەکانیشدا کارەکانمان بەردەوامن؛ چونکە نەخۆش ناتوانێت چاوەڕێ بکات تا پشووەکان تەواو دەبێت، یەکێکیش لەو شوێنانەی کە بە بەردەوامی کاری تێدا دەکرێت شۆرندنەوەی گورچیلەیە، کە هەر کاتێک بێت کاری خۆی دەکات و بە چوار شێفتیش دکتۆرەکان کار دەکەن، لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنەکانیش هەمان شتە."

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر دەڵێت: لە سنووری پارێزگای هەولێر، نزیکەی 525 نەخۆشی گورچیلەمان هەیە، ئەو نەخۆشانە بەردەوام پێویستییان بە شۆردنی گورچیلە هەیە، نەخۆش هەیە لە هەفتەیەکدا دووجار پێویستی پێیەتی، هەشمانە دوو هەفتە جارێک پیویستی بە شۆردنی گورچیلەیە.

دەشڵێت: لەم جەژنەدا، نزیکەی 380 نەخۆش شۆردنی گورچیلەیان بۆ کراوە، لەناو سەنتەری نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری و نەخۆشخانەی ڕۆژئاوا.

ئاماژەی بەوەش دا، کۆی ئامێرەکانی شۆردنی گورچیلە، لە سنووری پارێزگای هەولێر، نزیکەی 80 ئامێرە. 

دلۆڤان محەممەد، ڕاشیگەیاند "نزیکەی 600 کەس سەردانی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکانیان کردووە، بۆ مەبەستی پشکنین و وەرگرتنی چارەسەر. جگە لەوانەی چوونەتە لای ئەو دکتۆرانەی کە  نۆرینگەی دەرەکییان هەیە."