ترەمپ و ناتانیاهۆ پرسی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانیان تاوتوێ کرد

سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و یەکێک لە تەوەرەکان پرسی بەرنامەی ئەتۆمی تاران بووە.

دووشەممە 9ـی حوزەیرانی 2025، ڕۆژنامەی هیومی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ ماوەی 40 خولەک بە تەلەفۆن قسەیان کرد.

هەروەها ئاماژەشی داوە، ترەمپ و ناتەنیاهۆ باسییانە لە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران کردووە.

ڕۆژنامەی هەیوم باسی لەوەش کردووە، دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی داخراو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەیدا دەکات.

پێشتر پێگەی ئەکسیۆسی ئەمەریکی لەسەر زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایکردبوو، پێشبینی دەکرێت ترەمپ و ناتانیاهۆ گفتوگۆ لەسەر پرسی غەززە و هاوکاریی مرۆیی بۆ ئەو کەرتە، ئازادکردنی بارمتەکان و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بکەن. 

ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە لەکاتێکدایە، ترەمپ و ناتانیاهۆ لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران ناکۆکن، ناتەنیاهۆ دژی رێککەوتنی نێوان ئەمەریکا و ئێرانە و ترەمپیش چەندینجار هۆشداری داوەتە ناتانیاهۆ، دانوستانەکانی واشنتن و تاران نەشێوێنێت. 

 دووشەممە، 9ـی حوزەیرانی 2025، ڕۆژنامەی 'مەعاریف' بڵاوی کردووەتەوە، بڕیارە سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی ئیسرائیل بکات بۆ بەشداریی لە ڕێوەڕەسمی کردنەوەی یارییەکانی مەکابیە 2025، کە لە 10ـی تەمموزی داهاتوودا دەست پێ دەکات، بەو مەرجەی تا کاتی گەشتەکەی، ڕێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس، بکرێت.