ئێران: دەتوانین هێرش بکەینە سەر دامەزراوە نهێنییە ئەتۆمییەکانی ئیسرائیل
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕایگەیاند، بە دەستڕاگەشتن بە کۆمەڵێک بەڵگەنامەی گرنگ و پەیوەندیدار بە دامەزراوە گرنگەکانی ئیسرائیل، دەتوانن بە خێرای وەڵامی هەر هێرشێک بدنەوە کە لەلایەن ئەو وڵاتەوە دەکرێت.
دووشەممە 9ـی حوزەیرانی 2025، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، دوای دەستڕاگەشتنی کۆمەڵێک بەڵگەنامەی گرنگ و پەیوەندی دار بە دامەزراوە گرنگەکانی ئیسرائیل، دەتوانن هێرش بکەنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە نهێنییەکانی ئیسرائیل.
هەروەها ئاماژەشی داوە، ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانییان، ئەوە بە خێرایی وەڵامییان دەبێت و هێرش دەکەنە سەر دامەزراوەنهێنییە ئەتۆمییەکانی ئەوان.
هاوکات هۆشداریشی داوە، هەر هێرشێک بکرێتە سەر ژێرخانە ئابووریی و سەربازییەکانییان، ئەوە ڕێک بە هەمان قەبارەی هێرشەکە وەڵاممان دەبێت.
شەممە 7ـی حوزەیرانی 2025، دەستەی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی ئێران بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان، بڵاوی کردبوو، دەزگای هەواڵگریی ئێران، هەزاران بەڵگەنامەی ستراتیجی، زۆر نهێنی و هەستیاری پەیوەست بە پرۆژە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیسرائیل دەست کەوتووە.
دەستەکە ئاماژەشی دابوو، دەزگای هەواڵگریی ئێران، بۆ دەستگەیشتن بەو زانیارییانە، ماوەیەک لەمەوبەر ئۆپەراسیۆنێکی زۆر نهێنی و وردی لەنێو ئیسرائیل بەڕێوە برد، بەڵام قەبارەی زۆری زانیارییەکان پێویستی بە کاتێکی زۆر بوو تا بە تەواویی بگوازرێنەوە بۆ نێو خاکی ئێران. دەزگاکە، ئەم کارەی بە گەورەترین دەستکەوت پێناسە کرد.