لە بۆسەیەکدا 10 پاسەوانی سنووری ئێران کوژران

ئاژانسی تەسنیمی ئێران هەواڵی کوژرانی 10 سەربازی هێزی پاسەوانیی سنوور لە پارێزگای سیستان و بەلوجستان بڵاو کردەوە. 

ئاژانسەکە، ئەمڕۆ 10ـی حوزەیرانی 2025، لە زاری فەرماندەیی پۆلیسی ئێرانەوە بڵاوی کردووەتەوە، ڕۆژی شەممە، 7ـی حوزەیران، لە لایەن دانیشتووانی شارۆچکەی تەفتان لە پارێزگای سیستان و بەلوجستانەوە پەیوەندییان پێوە کراوە و لە بوونی ژمارەیەک چەکدار لە نزیک شارۆچکەکە ئاگادار کراونەتەوە. دوو مەفرەزەی پاسەوانانی سنوور بۆ ڕاوەدوونانی چەکدارەکان نیردران، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیاندا کەوتوونەتە بۆسەی چەکدارەکان و لە ئەنجامدا 10 سەرباز کوژراون.

دوای شەڕ و پێکدادانەکە، چەکدارەکان ناوچەکەیان جێ هێشتووە، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەک لە بارەی کوژراو و بریندارانی چەکدارەکان بزانرێت، هەروەها هیچ گروپێکی چەکداریی بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕانەگەیاندووە.

لە سنووری پارێزگای سیستان و بەلوجستان گرووپی جەیشو لعەدل، ڕإێکخستنێکی چەکداری بەرهەڵستکاری ئێرانن و بەردەوام لە ناوچە سنوورییەکان ڕووبەڕووی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبنەوە.

دواجار، چەکدارانی جەیشولعەدل لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ئەمساڵ، هێرشیان کردە سەر دامەزراوەی نیشتەجێیی شاری چابەهار لە سنووری پارێزگاکە و دوای دەرکردنی فەرمانبەرانی دامەزراوەکە، باڵەخانەکەیان تەقاندەوە، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بەرانبەر بە ڕووخاندنی خانووی هاووڵاتییانی بەلوچ لە سنووری پارێزگاکە.