وەزیری تەندروستی ئەمەریکا 17 پسپۆڕی گرووپی ڕاوێژکارانی ڤاکسینی دوور خستەوە

 ڕۆبەرت کێنێدی جونیۆر، وەزیری تەندروستیی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بڕیاری داوە 17 پسپۆڕە گرووپی ڕاوێژکاریی سەرەکیی تایبەت بە ڤاکسین، لە کارەکانیان دوور بخاتەوە.

ڕۆبەرت کێنێدی جونیۆر، وەزیری تەندروستی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، گەڕاندنەوەی متمانەی هاووڵاتیان لە پێشینەی کارەکانییەتی ئەوەی بەلاوە لە لایەنگریی یان دژە ڤاکسینی گرنگترە. گوتیشی، پێویستە خەڵک بزانن کە ڕاسپاردەکانی فەرمانگە تەندروستییەکانمان لەسەر بنەمای زانستی بێلایەنە و لە ڕێگەی پرۆسەیەکی شەفاف و بێ ململانێ هەڵدەسەنگێندرێت.

وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند "لیژنەکە پەیوەندی داراییان لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرمانسازیی هەیە. بۆیە دوورخستنەوەیان لێدانی بەرژەوەندیی ئەو  پسپۆڕانەیە."

کێنێدی، ئاماژەی بەوەدا، بڕیاری داوە ئەو پسپۆڕانە لە کارەکانیان دوو ربخاتەوە، لە شوێنی ئەوان پسپۆڕانی دیکە دادەنرێن، دەشڵێت: ئەو لیژنەیە بەهۆی شارەزاییە سەلمێنراوەکانیانەوە دادەمەزرێن، بەڵام پێویستە پێشوەختە ئەگەر بەرژەوەندییان لەگەڵ کۆمپانیا دەرماسازییەکان هەیە، ئاشکرای بکەن.

پۆڵ ئۆفیت، پزیشکی منداڵان و پسپۆڕی ڤایرۆس و بەرگری کە ئەندامی لیژنەکە بووە، لەبارەی بڕیارەکەی وەزیری تەندروستی ئەمەریکا بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "ڕۆبەرت کێنێدی پێی وایە هەرکەسێک قسەی ئەرێیی لەسەر ڤاکسینەکان بکات یان پێشنیازی بکات، سوود لە پیشەسازییەکە وەردەگرێت."

ئاماژەی بەوەش کرد، کێشەیەک چارەسەر دەکات، کە بوونی نییە. ڕاشیگەیاند، چۆن دڵنیا بین لەوەی ئەو کەسانەی ڕۆبەرت کێنێدی دەیەوێت لە لیژنەی ڕاوێژکاری ڤاکسینەکەدا دایان بنێت جێی متمانەن؟