لۆس ئەنجلس.. نیشتمانی گەورەی کۆچبەرانی ئیسپانی و ئەمەریکای لاتین
تۆڕی هەواڵی(سی ئێن ئێن)ـی ئەمەریکی وردەکاری هۆکاری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی لۆس ئەنجلسی بەرانبەر بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران ئاشکرا کرد.
تۆڕی هەواڵی(سی ئێن ئێن) دەڵێت: پێکهاتەی لۆس ئەنجلس، ڕۆڵێکی گەورەی بینی لە سەرهەڵدانی ناڕەزایی بەرانبەر سیاسەتی کۆچ کە دۆناڵد ترەمپ پشتیوانیی لێ دەکات.
لۆس ئەنجلس بووەتە نیشتمانی گەورەی کۆچبەرانی ئیسپانی و ئەمەریکای لاتینی، چونکە نیوەی دانیشتووانی ئەو شارە پێک دەهێنن.
(سی ئێن ئێن) ئاماژە بەوە دەکات، لۆس ئەنجلس هەرێمێکی کالیفۆرنیایە زۆرترین دانیشتووانی هەیە کە نزیکەی 10 ملیۆن کەسە، لەو ژمارەیەشدا، لاتینییە بە ڕەچەڵ ئیسپانییەکان ڕێژەی سەدا 48.6 پێک دەهێنن، دەشڵێت: زیاتر لە سێ بەشی دانیشتووانی لۆس ئەنجلس لە کۆچبەران پێکهاتووە.
لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوو بەر لەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ جاری دووەم ببێتەوە سەرۆکی ئەمەریکا، لۆس ئەنجلس بە فەرمی وەک (شاری پەناگە) ناسێندرا.
شاری پەناگە ئاماژەیە بۆ ئەوەی، شارەکە پەناگەیەکە بۆ چەند کەس و گرووپێک، بەتایبەت ئەگەر ئەم شارە پەناگەیەکی شایستە بێت بە کۆچبەران و پەنابەران، یاخود ئەوانەی ڕووبەڕووی ئالەنگاریی دەبنەوە لە وڵاتەکانی خۆیان.
وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا ڕایگەیاند: بەشی جێبەجێکردنی یاساکانی کۆچ و گومرگی سەر بە وەزارەتەکەیان، 2 هەزار کەسییان لەو کۆچبەرانە دەستگیرکردووە کە ڕۆژانی ڕابردوو تاوانیان ئەنجامداوە، ئەو ژمارەیەش زۆرترینە لەچاو ژمارەی پار ساڵ کە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا بوو.
کارین باس، پارێزگاری لۆس ئەنجلس ئاماژەی بەوە کرد، بەشی جێبەجێکردنی یاساکانی کۆچ، ئاماری ئەو کۆچبەرانەی ئاشکرا کرد کە لە ناوەڕاستی شارەکە ماوەی هەفتەیەکە توڕەیی و ناڕەزایەتییەکانیان گەیاندووەتە ترۆپکی توندوتیژی و ئێستاش هەر بەردەوامە.