450 منداڵ لە سلێمانی و 368 لە دهۆک لە ساڵی 2024، کاریان كردووه

لە هەرێمی کوردستان وەزارەتەکانی ناوخۆ و کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی قەدەغەی کارکردنی منداڵان دەکەن لە شەقام و ترافیکەکان، بەگوێرەی ئامارەکان زۆرترین ئەو منداڵانەی لە هەرێم کار دەکەن منداڵانی پەنابەر و ئاوارەن.
یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر، چوارشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئەمڕۆ بە فەرمی داوامان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی كوردستان کرد، ڕێگری بکات لە کارکردنی منداڵان لەسەر شەقام و ترافیکەکان، بۆ ئەم مەبەستەش لێژنەیەک پێک هاتووە لە توێژەرانی کۆمەڵایەتی و پۆلیسی نەوجەوانان لە وەزارەتی ناوخۆ.
بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی هەولێر گوتیشی: توێژەران و پۆلیسی نەوجەوانان ڵێکۆلینەوە لە هۆکاری کارکردنی منداڵان و نەوجەوانان دەکەن، بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەن چیتر لەسەر شەقام و ترافیکەکان کار بکەن، لە ئەگەری هەبوونی باندی تایبەت بە کارپێکردنی منداڵان، ڕێکاری تایبەت بەرانبەریان دەگرێتە بەر.
لەلای خۆیەوە زەکیە سەید ساڵح، بريكاری وەزارەتی كار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بەماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دراوە بۆ گەڕاندنەوەی منداڵانی کارپێکەری سەر شەقامەکان بۆ خوێندن.
زەکیە سەید ساڵح، ههروهها گوتی: تاوەکوو ئێستا هیچ ئامارێکی دروست نییە، لەبارەی ژمارەی ئەو منداڵانەی لەسەر شەقام و ناو بازاڕ کار دەکەن، بەڵام ژمارەیان بەراورد بە ساڵانی پێشتوو کەم بووەتەوە.
ئاماری منداڵانی ئیشکەر لە ساڵی 2024، کە ڕێکخراوی منداڵپارێزانی کوردستان کاری لەسەر کردووە، بەم شێوەیە:
سلێمانی، منداڵانی خانەخوێ: 155، منداڵانی پەنابەر: 148، منداڵانی ئاوارە: 106، منداڵانی کۆچەری: 41.
کۆی گشتی: 450 منداڵ کاریان کردووە.
پارێزگای دهۆک: منداڵانی خانەخوێ: 231، منداڵانی پەنابەر: 41، منداڵانی ئاوارە: 17، منداڵانی کۆچەری: 79.
کۆی گشتیی: 368 منداڵ کاریان کردووە.
پارێزگای هەولێری تێدا نییە، بەڵام بە گوێرەی ئاماری ساڵی 2023، لەو پارێزگایە بەم شێوەیە: منداڵانی خانەخوێ: 28، منداڵانی پەنابەر: 90، منداڵانی ئاوارە: 172.
کۆی گشتیی: 290 منداڵ کاریان کردووە.
12ـی حوزەیرانی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی بەرەنگاربونەوەی کارکردنی منداڵان لە جیهان دیاریی کراوە.