نەتەوە یەکگرتووەکان: ژمارەی ئاوارەکان لە جیهاندا گەیشتووەتە 122 ملیۆن کەس
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، بەهۆی شەڕ و سیستەمی حوکمڕانی، ژمارەی ئاوارەکانی جیهان بۆ 122 ملیۆن کەس بەرز بووەتەوە.
پێنجشەممە، 12ـی حوزەیرانی 2025، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ڕایگەیاند "ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕەوە ئاوارە بوونە، لە سەرانسەری جیهاندا زیادی کردووە، ئەمەش بەهۆی شکستهێنانە لە چارەکردنی کێشەکان، وەک ئەوەی لە سوودان و ئۆکرانیا ڕوو دەدات." ئاماژەی بەوەش کردووە ژمارەی ئاوارەکانی جیهان گەیشتووەتە 122 ملیۆن کەس.
فیلیپۆ گراندی، بەرپرسی باڵای پەنابەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، تا کۆتایی مانگی نیسانی ڕابردوو، زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا ئاوارە بوون، ئەمە جگە ئەوەی زیاتر لە ملیۆنێک و نیو ئاوارە و پەنابەری سووری گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان.
ڕاپۆرتەکە، هۆی زیادبوونی ئاوارەکان بۆ ململانێ بەردەوامەکانی سوودان و میانمار و ئۆکرانیا و بەردەوامیی شکستهێنان لە ڕاگرتنی شەڕەکان گەڕاندووەتەوە.
گراندی ئەوەشی باس کردووە "ئێمە لە سەردەمی پشێوییەکی ئەوتۆدا دەژین لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، کە شەڕی مۆدێرن قەیرانە مرۆییەکانی زیاتر کردووە."
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕوونی کردەوە، زیادبوونی ژمارەی ئاوارەکان لەکاتێکدایە کە بودجەی هاوکارییەکانیان بۆ ئاستی ساڵی 2015 دابەزیوە، کە کۆی ژمارەی پەنابەران لە سەرانسەری جیهاندا نزیکەی نیوەی ئاستی ئێستا بووە.
ڕێکخراوەکە، بڕینی هاوکارییەکانی بە شتێکی دڕندانە وەسف کردووە و دەڵێت: بەرگەی دۆخەکە ناگیرێت و مەترسیی لەسەر ئاوارە و پەنابەران دروست دەکات.