ژمارەیەک وەزیری ئیسرائیل داوای کۆتاییهاتنی شەڕی غەززە دەکەن
بۆ جاری یەکەم وەزیرە ئیسرائیلیەکان داوا لە بنیامین ناتانیاهۆ دەکەن کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنێت.
پێنجشەممە، 12-06-2025، کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، بۆ جاری یەکەم لە دوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە لە 07-10-2023ـەوە، ژمارەیەک وەزیر لە کابینەی حکوومەتی ئیسرائیل داوایان لە بنیامین ناتانیاهۆ, سەرۆک وەزیران کردووە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت.
بە گوێرەی هـــەمان سەرچاوە، ئەو وەزیرانە بە ناتانیاهۆیان گوتووە: ئێستا باشترین کاتە بۆ ئەوەی هێدی هێدی ئیسرائیل کۆتایی بەشەڕی غەززە بهێنێت، چونکە زۆرینەی ئامانجەکانی بەدی هێناوە، بەردوامیی ئەم پرۆسەیە بە زیانی سیاسی بۆ خودی ناتانیاهۆ دەشکێتەوە.
کەناڵەکە باسی لەوەش کردووە، تێچووی ئەو شەڕەی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە کە لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2023ـەوە دەستی پێ کردووە، تا ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی 171 ملیار " شیکل"ی ئیسرائیلی کە دەکاتە نزیکەی 46.5 ملیار دۆلار.
وەکوو ئەوەی ئاماژەی پێ کراوە، تێچووی ڕاستەوخۆی ڕۆژانەی شەڕەکە بە نزیکەی 300 ملیۆن شیکل، واتە نزیکەی 82 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.
بڵاوکردنەوەی ئەو ئامارە زۆرانەی تێچووی شەڕەکە، هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی زیاتر لە 620 ڕۆژ بەسەر هەڵگیرسانی جەنگەکەدا و هاوکاتیشە لەگەڵ ئەو ناڕەزایی و ڕەخنە زۆرانەی کە لەناوخۆی وڵاتەکەدا سەبارەت بە بەرزبوونەوەی تێچووی شەڕەکە هاتوونەتە ئاراوە.
کەناڵی 12ی ئیسرائیلی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، وەزارەتی دارایی ئیسرائیل ترسی ئەوەی هەیە کە کورتهێنان لە بودجەدا دروست ببێت و ناچار ببن بۆ دابینکردنی تێچووە زەبەلاحەکەی جەنگەکە بڕیاری زیادکردنی باج بدەن.