ژمارەیەک فەرماندەی سوپای پاسداران، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کوژران

ئاژانسی هەواڵی تەنسیم بڵاوی کردەوە،: ئیسرائیل بە چەندین مووشەک ژمارەیەک شوێنی لە ئێران کردە ئامانج، لە ئەنجامدا ژمارەیەک فەرماندەی سوپای پاسداران و زانایەکی بواری ئەتۆمی کوژران.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بڵاوی کردەوە، بارەگای سوپای پاسداران لە تاران و چەندین شوێنی دیکە لە ئێران لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆردومان کرا.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە دا، حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران، محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران، محەممەد تەهرانچی، سەرۆکی زانکۆی ئازادی ئیسلامی و فەرەیدون عەباسی، زانای بواری ئەتۆم، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژران.

لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئێرانییەکان ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل، عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئیسلامیی ئێران، بە سەختی بریندار بووە.