وەزارەتی دەرەوەی ئێران: هێزە چەکدارەکانمان بە زووترین کات وەڵامی هێرشەکان دەدەنەوە
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە بەرگریکردن لە وڵاتەکە درێغی ناکەن و بە هەموو توانا و هێزیانەوە بە زووترین کات وەڵامی ئەو هێرشانەی ئیسرائیل دەدەنەوە.
هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد: هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پێشێلکردنی بڕگەی دووی ماددەی چواری جارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
جەختی لەوە کردەوە، وڵامدانەوەی ئەو هێرشانە مافی یاسایی و ڕەوای ئێرانە بە پێی ماددەی 51ـی میساقی نەتەوەیەکگرتووەکان.
وەزارەتەکە دەشڵێت: هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە بەرگریکردن لە وڵاتەکە درێغی ناکەن و بە هەموو توانا و هێزیانەوە بە زووترین کات وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەنەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 13ـی 2025، سوپای ئیسرائیل، بە بەکارهێنانی 200 فڕۆکەی جەنگی، سەدان هێرشی کردە سەر 300 شوێن لە ئێران و، لە ئەنجامی هێرشەکاندا ژمارەیەک فەرماندەی سوپای پاسداران و زانای بواری ئەتۆم کوژران.