ترەمپ: ئیسرائیل پێشوەختە لە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران ئاگاداری کردینەوە

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند: نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت و هیوادارین بە زووترین کات بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان.

هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لەمیانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، گوتی: چاوەڕێی وەڵامی ئێران دەکەین و ئەگەر پێویست بکات ئێمە ئامادەین بەرگریی لە ئیسرائیل بکەین.

دەشڵێت: ئیسرائیل پێشوەختە لە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران ئاگاداری کردینەوە، هەروەها هیواخوازین تاران بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

سەرۆکی ئەمەریکا، جەختی لەوە کردەوە، نابێت ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت. گوتیشی: ئیدی بەشێک لە سەرکردەکانی ئێران نابینینەوە.

 سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاند: ژێرخانە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆردومان کردووە بۆ ڕێگریکردن لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمیی تاران.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئیدارەی ترەمپ ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی گەڕی شەشەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران، کە بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە 15ـی حوزەیران لە مەسقەتی پایتەختی عوممان بەڕێوە بچێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 13ـی 2025، سوپای ئیسرائیل، بە بەکارهێنانی 200 فڕۆکەی جەنگی، سەدان هێرشی کردە سەر 300 شوێن لە ئێران و، لە ئەنجامی هێرشەکاندا ژمارەیەک فەرماندەی سوپای پاسداران و زانای بواری ئەتۆم کوژران.