گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران وەستاون

بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ئێران وەستاون، بەرپرسانی فڕۆکەوانی ئەو وڵاتە ئاماژە بەوەدەکەن، خۆیان بەدووربگرن لە چوون بۆ فڕۆکەخانەکان.

هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران، ڕایگەیاند، "داخستنی گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی تاوەکوو کاتێکی نادیاری ڕاگەیاند.

ئاژانسی هەواڵی ئێران ئاماژەی بەوەکردووە، بەرپرسانی فڕۆکەوانی ئێران داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات، خۆیان لە چوون بۆ فڕۆکەخانەکان بەدووربگرن و دوایین پێشهاتەکان لەبارەی گەشتە ئاسمانییەکان لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە بەدواداچوون بکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکان، گەشتە ئاسمانییەکان لە زۆربەی وڵاتان ڕاگیراون و هەروەها گوتەبێژی فلای دوبەی ڕایگەیاندووە: گەشتە ئاسمانییەکان بۆ عەممان، بەیروت، دیمەشق، ئێران و ئیسرائیل بەشێوەیەکی کاتی ڕاگیراون و ژمارەیەک گەشتە ئاسمانییەکانیش هەڵوەشێنرانەوە، بەشێکی دیکەیان ڕێگاکانیان گۆڕدران.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بڵاوی کردەوە، بارەگای سوپای پاسداران لە تاران و چەندین شوێنی دیکە لە ئێران لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆردومان کرا.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە دا، حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران، محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران، محەممەد تەهرانچی، سەرۆکی زانکۆی ئازادی ئیسلامی و فەرەیدون عەباسی، زانای بواری ئەتۆم، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژران.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاند: چاوەڕێی وەڵامی ئێران دەکەین و ئەگەر پێویست بکات ئێمە ئامادەین بەرگریی لە ئیسرائیل بکەین.

باسی لەوەش کرد، ئیدی زۆرێک لە سەرکردەکانی ئێران نابینینەوە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment