حەماس سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکات

بەهۆی کوژرانی ژمارەیەک بەرپرسی سەربازی ئێران، حەماس هاوسۆزی خۆی بۆ ئێران ڕاگەیاند و سەرەخۆشی لە گەلی ئێران کرد.

ئەمڕۆ هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، حەماس لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاندووە، هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر ئێران، دەرخەری پێداگریی حکوومەتی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلە لەسەر ڕاکێشانی ناوچەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئاشکرا.

حەماس هاوسۆزی تەواوی خۆی لەگەڵ ئێران دەربڕی و سەرەخۆشی لە سەرکردایەتی و گەلی ئێران کرد و سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد بۆ سەر ئێران.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بڵاوی کردەوە، بارەگای سوپای پاسداران لە تاران و چەندین شوێنی دیکە لە ئێران لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆردومان کرا.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە دا، حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران، محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران، محەممەد تەهرانچی، سەرۆکی زانکۆی ئازادی ئیسلامی و فەرەیدون عەباسی، زانای بواری ئەتۆم، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژران.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment