وردەکاریی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران

ئیسرائیل دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی، هەروەها سەرکردە سەربازییەکانی ئێرانی کردە ئامانج، لە بەرانبەردا ئێران سەدەها فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی کرووزی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.

ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و هەڵدانی مووشەکەوە، بۆردومانی ئێرانی کرد و، دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیک و سەرکردە سەربازییەکانی کردە ئامانج.

مێدیاکانی ئێران گرتەی تەقینەوەکانیان بڵاوکردەوە، لە نێویاندا تەقاندنەوەی دامەزراوەی سەرەکی پیتاندنی یۆرانیۆمی نەتەنز، هاوکات ئیسرائیل باری نائاسایی لە وڵاتەکەی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەوەی پێشبینی کردبوو کە ئێران لە ڕێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرش دەست پێدەکات و تۆڵە دەسێنێتەوە.

 

فەرماندە سەربازییەکانی ئێران کوژران

تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران کوژرانی حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ڕاگەیاند، هەروەها بارەگای سوپای پاسدارانیش لە تاران بۆردومان کراوە.

بە گوێرەی مێدیاکانی ئێران، غولام عەلی ڕەشید، فەرماندەی قەرارگەی ناوەندی خاتەم ئەنبیاء، محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران، محەممەد تەهرانچی، سەرۆکی زانکۆی ئازادی ئیسلامی و فەرەیدون عەباسی، زانای بواری ئەتۆم، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژران.

هەروەها مێدیا ئەمەریکییەکان باس لەوە دەکەن کە، عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی سپاردووە.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی:  سەرکردە باڵاکانی ئێرانمان بە ئامانج گرتووە. جەختی لەوەش کردەوە، کە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئامانجداری دەست پێ کردووە بۆ شکستپێهێنانی هەڕەشەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل.

 سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دەشڵێت: ئەم ئۆپەراسیۆنە بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت بۆ نەهێشتنی مەترسییەکان

 

بە ئامانجگرتنی زانایانی ئێران

مێدیاکان باس لەوە دەکەن، ئیسرائیل ئەو زانایانەی ئێرانی کردووەتە ئامانج کە کار لەسەر بۆمبی ئەتۆمی و بەرنامەی مووشەکی بالیستیکی ئێران و دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی نەتەنز دەکەن.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم ناوی شەش زانای ئێرانی بڵاوکردەوە کە لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا کوژراون؛

1- عەبدولحەمید مەنوچەر

2- ئەحمەد ڕەزا زولفەقاری

3- ئەمیر حوسێن فەقیهی

4- محەممەد مەهدی تەهرانچی

5- فەرەیدوون عەباسی

6- موتەلیبی زادە

بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، کە ئیسرائیل "دەیان" ئامانجی ئەتۆمی و سەربازیی بۆردومان کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران خاوەنی ماددەیەکی زۆرە کە بتوانێت لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا 15 بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات. 

هەروەها پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس، لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل، بڵاوی کردووەوە، جگە لەو هێرشە چڕ و پڕە ئاسمانییانە، دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلی (مۆساد) زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی لە ناوخۆی ئێران ئەنجام داوە. ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە ئامانجی  لەناوبردنی شوێنی هەڵگرتنی مووشەک و تواناکانی بەرگریی ئاسمانی ئێران بوو.

ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە دا، دوا بە دوای ئەو هێرشانەی کە ئیسرائیل کردیە سەر ئێران، پێشبینی دەکرێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئیسرائیل و دانیشتوانی مەدەنیی وڵاتەکە، لە لایەن ئێرانەوە دەست پێ بکات.

لای خۆیەوە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەەمریکا ڕایگەیاند، ئیسرائیل تاکلایەنە مامەڵەی کردووە، چونکە پێی وایە ئۆپەراسیۆنەکە بۆ بەرگریکردن لە خۆی پێویستە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیاربوو ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو 15ـی حوزەیرانی 2025، گەڕی شەشەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا، مەسقەتی پایەختی عوممان، لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئێران بەشداریکردنی شاندەکەی لە دانوستانەکانی عوممان هەڵپەسارد.

ترەمپ دوێنێ ڕایگەیاندبوو: کە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئەگەری زۆرە، بەڵام هیوای خۆی بۆ چارەی ئاشتییانە دووپات کردەوە.

ئیسرائیل لە ماوەکانی ڕابردوودا، چەندین جار باسی لە نیازی خۆی بۆ هێرشکردنە سەر ئێرانی دەکرد وەک هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمیی.

لە لایەکی دیکەوە بەرپرسێکی ئەمەریکی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، سوپای ئەمەریکا خۆی بۆ هەموو ئەگەرێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادە دەکات.