سکرتێری گشتیی ناتۆ: پێویستە هەوڵی هێورکردنەوەی بارودۆخەکە بدەین

یەکێتی ئەوڕووپا و سکرتێری گشتیی ناتۆ داوادەکەن، ڕێگری لە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران بکرێت و دۆخەکەش بە مەترسیدار ناودەبەن.

ئەمڕۆ هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، دیلان بارزان پەیامنێری کوردستان 24، لە ئەوڕووپا ڕایگەیاند: یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاندووە: داوای لە هەموو لایەنەکان دەکەم، دان بەخۆیاندا بگرن و دۆخی ڕۆژهەڵاتیی ناوەڕست مەترسیدارە.

لەلای خۆیەوە، مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکردووە، پێویستە هەموولایەک لە هاوپەیمانان لەگەڵ ئیسرائیل لە ناتۆ هەوڵی هێورکردنەوەی بارودۆخەکە بدەن و ڕێگری لە گرژییەکان بکرێت.

کایا کالاس نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئەمنیی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێستا مەترسیدارە و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم دان بەخۆیاندا بگرن، هەروەها  خۆیان لە پەرەسەندنی زیاتر بەدوور بگرن.

 جەختی لەوەش کردەوە، ڕێگای دیپلۆماسی باشترین چارەسەرە، منیش ئامادەم بۆ پشتگیریکردن لە هەر هەوڵێکی دیپلۆماسی بەرەو کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی هێرشاکانی ئیسرائیل گرژییەکی زۆر لە ڕۆژەهەڵاتی ناوەراست دروست بووە، هەروەها ناوچەکە کەوتووەتە ژێر مەترسییەوە.

دەشڵێت: یەکێتی ئەورووپا وێڕای داننان بە مافی بەرگریکردنی ئیسرائیل، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات تا دەتوانن دان بەخۆیاندا بگرن، بۆ ئەوەی دووربکەونەوە لە شەڕ کە ئەمەش لە بەرژەوەندی کەسدا نییە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment