ئێران بە فەرمی ناسنامەی شەش زانا کوژراوەکەی بڵاو کردەوە
لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کە زیاتر لە 40 ناوچە کردووەتە ئامانج، جگە لە کوژرانی ژمارەیەک بەرپرس و فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و ئەرتەش، شەش زانای ئەتۆمی لەنێو کوژراوەکاندان و میدیای فەرمی ئێران ناسنامەی هەر شەش زاناکەی بڵاو کردووەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردووەتەوە، لە هێرشەکانی بەرە بەیانی ئەمڕۆ هەینی 13ی حوزەیرانی 2025 دا، ڕژیمی ئیسرائیل مەرامی ڕاستەقینەی خۆی دژ بە زانست و تەکنەلۆژیایە دەرخست و شەش لە زانا ئەتۆمییەکانی ئێران کوشت.
تەسنیم ناوی هەر شەش زاناکەی بڵاو کردووەتەوە:
- فەرەیدوون عەباسی – سەرۆکی پێشووتری ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران
- محەممەد مەهدی تارانچی – سەرۆکی زانکۆی ئازادی ئیسلامیی تاران
- ئەمیر حوسێن فقهی – زانای پێشکەوتووی ئەتۆمی
- مەتڵەبی زادە – زانای پێشکەوتووی ئەتۆمی
- عەبدولحەمید مەنوچێهری – زانای ئەتۆمی
- ئەحمەد ڕەزا زولفەقاری - زانای ئەتۆمی
ئیسرائیل پێشتر لە ساڵانی 2010 تاوەکوو 2012 چەند زانایەکی دیکەی ئەتۆمی ئێرانی بە ناوەکانی مەسعود عەلی محەممەدی، مەجید شەهریار، داریوش ڕەزایی، مستەفا ئەحمەدی ڕۆشەن، فەرەیدوون عەباسی دەوانی بە تەقینەوە کوشتووە، تەنیا موحسین فەخری زادە لەلایەن نیشانە شکێنەوە کوژراوە.