فەرماندەی نوێی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران: بەم نزیکانە دەرگای جەهەنەم دەکەینەوە

محەممەد پاکپوور، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران لە یەکەم هەڵوێستیدا دوای وەرگرتنی ئەم پۆستە، هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوە لە ئیسرائیل دەکات و دەڵێت: چارەنووسێکی تاڵ و پڕ ئازاریان دەبێت و بەم نزیکانە دەرگای جەهەنەم بەڕوویاندا دەکەینەوە.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی حوسێن سەلامی لە هێرشەکانی ئیسرائیل، کە بەرە بەیانی ئەمڕۆ هەینی 13ی حوزەیرانی 2025 کردیە سەر تاران و 11 شاری دیکەی لە ئێران، محەممەد پاکپوور بە جێگرەوەی سەلامی لە پۆستی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران دەست بەکار بوو، کەمێک لەمەوبەر لە پەیامێکدا هەڕەشەی توندی تۆڵە سەندنەوە لە ئیسرائیل کرد و دەڵێت: خوێنی کوژرانی پۆلێک لە فەرماندە و ژمارەیەک لە زانایانی ئەتۆمی و منداڵان و ئافرەتانی بێتاوان، لە هێرشەکانی ڕژێمی ئیسرائیل بەبێ وەڵام نامێنێتەوە.
هەروەها ڕایگەیاندووە، بە ئەو هێرش و سنوور بەزێنییەی ئیسرائیل بۆ سەر ئاسایشیی نیشتمانی و سەروەری خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردوویەتی، چارەنووسێکی تاڵ و پڕ لە ئازاری بۆ ئەو ڕژێمە دەبێت؛ جەخت دەکاتەوە و بەڵێن دەدات بە پشتیوانی هاوسەنگەرانی هێزەکانی ئەرتەش و سەرجەم هێز و یەکە چەکدارییەکانی دیکە، سوپای پاسداران گورزی کوشندە لە ئیسرائیل دەوەشێنن.
پاکپوور دەڵێت: بەم نزیکانە بۆ تۆڵە سەندنەوەی خوێنی فەرماندەکان، زانا ئەتۆمیەکان و هاووڵاتیان، دەرگای جەهەنەم بەڕووی ڕژێمی ئیسرائیل دەکەینەوە.
بەرە بەیانی ئەمڕۆ هەینی سوپای ئیسرائیل هێرشێکی فراوانی ئاسمانی کردە سەر تاران و 11 شاری دیکەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بە گوێرەی یەکەم ڕاگەیەندراوی سوپای پاسداران لە هێرشەکاندا 40 شوێنی سەربازی، ناوەندی ئەتۆمی، کۆگای درۆن و مووشەک و ماڵی بەرپرسان و زانای ئەتۆمی کردووەتە ئامانج.