نوور نیووز: ئومێدێکی ئەوتۆ بۆ زیندوومانەوەی عەلی شەمخانی نییە

عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری باڵای خامنەیی
عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری باڵای خامنەیی

سەرۆکی تیمی پزیشکی چارەسەرکردنی عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری باڵای خامنەیی و سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای شوورای ئاسایشیی نیشتمانی ئێران، دەڵێت: تەندروستیی شەمخانی ناجێگیرە و بۆ زیندوومانەوەی ئومێدێکی ئەوتۆ نییە.

ماڵپەڕی نوور نیووز، کە سەر بە شوورای باڵای ئاسایشیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە زاری سەرۆکی تیمی پزیشکی چارەسەرکردنی عەلی شەمخانی، وێڕای ڕەتکردنەوەی دەنگۆی مردنی شەمخانی؛ بڵاوی کردووەتەوە، بە شێوەیەکی گشتیی لە پێش نیوەڕۆوە، دۆخی تەندروستیی عەلی شەمخانی گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە.

سەرۆکی دەستەی پزیشکەکان ئاماژەی داوە، بەهۆی قورسی برینەکانییەوە، تەندروستی ناجێگرە، هەرچەندە ئومێدێکی ئەوتۆ نییە، بەڵام پزیشکەکان لە چارەسەر و هەوڵەکانیان بەردەوامن.

بەرە بەیانی ئەمڕۆ هەینی 13ی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل هێرشی فراوانی ئاسمانی کردە سەر دەیان ئامانج لەناو جەرگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بەشێکیان فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و ئەرتەش بوون، هاوکات شەش زانای تەتۆمیش لەنێو کوژراوەکاندان.

ناوی فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران و ئەرتەشی ئێران، کە بە فەرمی کوژرانیان پشتڕاست کراوەتەوە:

- محەممەد باقری – فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران

- حوسێن سەلامی – فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران

- غولام عەلی ڕەشید – جێگری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران

- ئەمیر عەلی حاجی زادە – فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران

- مەهدی ڕەبانی – جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە گشتییەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران

- داوود شێخیان – فەرماندەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێران

- محەممەد جەعفەر ئەسەدی – جێگری سەرۆکی پشکنەری قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا

 
 
Fly Erbil Advertisment